ئوستڕاڵیا ڕایگەیاند باڵیۆزخانەکەی لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا چۆڵ دەکات لەکاتێکدا بارودۆخی سەر سنووری نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بەخێرایی خراپتر دەبێت، هاوکات سەرۆک وەزیری ئوستڕاڵیا سکۆت مۆریسن داوای لە چین کرد " بێدەنگییەکەی " سەبارەت بە قەیرانەکە بشکێنێت.
ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا هۆشدارییەکانیان سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا زیاتر کرد و داوایان لە هاوڵاتیانیان کرد ئۆکرانیا جێبهێڵن.
وەزیری دەرەوەی ئوستڕاڵیا ماریس پاین لە بەیاننامەیەکدا وتی کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئوستڕاڵیا لە کیێڤ بۆ ماوەیەکی کاتی گواستراونەتەوە بۆ ئۆفیسێکی کاتی لە شاری لڤیڤی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا کە 70 کیلۆمەتر لە سنووری پۆڵەنداوە دوورە.
پاین وتی " داوا لە ئوستڕاڵییەکان دەکەین دەستبەجێ ئۆکرانیا جێبهێڵن."
سەرۆک وەزیری ئوستڕاڵیا سکۆت مۆریسن وتی " بارودۆخەکە گەیشتۆتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدارەوە و کردەوە تاکلایەنەکانی ڕووسیا بۆ بێزارکردن و هەڕەشەکردن لە ئۆکرانیا شتێکە کە بەتەواوەتی جێی قبوڵکردن نیە."
مۆریسن داوای لە چینیش کرد لەسەر ئۆکرانیا قسە بکات، ئەوەش دوای ئەوەی چین ڕەخنەی لە کۆبوونەوەکەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و ژاپۆن و هیندستان و ئوستڕاڵیا گرت کە هەفتەی پێشوو لە مێڵبۆرنی ئوستڕاڵیا بەڕێوەچوو.
مۆریسن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " حکومەتی چین دڵخۆشە ڕەخنە لە ئوستڕاڵیا بگرێت، بەڵام هێشتا بێدەنگە لەسەر زیادبوونی هێزەکانی ڕووسیا لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا."
جێی ئاماژەیە پەیوەندییەکانی نێوان ئوستڕاڵیا و چین خراپ بووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2018 دا ئوستڕاڵیا کۆمپانیای هواوی چینی لە وڵاتەکەدا قەدەغەکرد و یاساکانی دژ بە دەستوەردانی بیانی لە سیاسەتی وڵاتەکەدا توندتر کردەوە و داواشی کرد لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجام بدرێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز