Accessibility links

ئوستڕاڵیا نیگەرانە سەبارەت بە ئابووری چین و لە نزیکەوە چاودێری دەکات


وەزیری خەزێنەی ئوستڕاڵیا جیم کاڵمەرس
وەزیری خەزێنەی ئوستڕاڵیا جیم کاڵمەرس

وەزیری خەزێنەی ئوستڕاڵیا جیم کاڵمەرس دەڵێت حکومەتی وڵاتەکە لە نزیکەوە چاودێری چین دەکات، ئەوەش لە نێوەندی " نیگەرانییەکاندا سەبارەت بە ئاماژەکانی لاوازیی ئابووریی کە دەکرێت ببێتە بارێکی قورس لەسەر شانی ئابووری ئوستڕاڵیا."

کاڵمەرز بە کەناڵی سکای نیوزی وت " باس لەو نیگەرانییە ناوەڕۆکییانە دەکەم کە خەڵکەکە سەبارەت بە ئابووری چین دەریانبڕیوە."

وتی " جێی نیگەرانییە لەم چەند هەفتە و مانگەی ڕابردوودا لاوازی و نەرمیمان بینیوە لە ئابووری چیندا چونکە ئاڵۆزییەکی ئاشکرای دەبێت بۆ ئێمە لێرە لە ئوستڕاڵیا."

بوژانەوەی ئابووری چین کە دووەم گەورەترین ئابووری جیهانە، بەهۆی دابەزینی نرخەکانی موڵک و لاوازیی خەرجییەکانی بەکارهێنەران و دابەزینی گەشەی قەرزەوە، خراپتر بووە، ئەمەش وایکردووە بەرپرسان ڕێژەی سوود کەم بکەنەوە و بەڵێنی پشتگیری زیاتر بدەن لەکاتێکدا شیکەرەوەکان پێشبینییەکانی گەشەکردن بە کەم دەزانن.

چین هاوبەشی بازرگانی سەرەکی ئوستڕراڵیای هەناردەکاری کەرەستەی خاوە و ساڵانە بە بڕی 285 ملیار دۆلاری ئوستڕاڵی بازرگانی هەیە لە نێوانییاندا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئوستڕاڵیا داوای لە هەناردەکاران کردووە کەمتر پشت بە چین ببەستن لە نێوەندی گرژییە دیپلۆماسییەکاندا.

کاڵمەرز وتی " لە چین ڕووبەڕووی گەشەسەندنێکی خاو بوونەتەوە، دابەزینی نرخییان هەیە، نیگەرانی هەیە لە کەرتی موڵکییان و تا ڕادەیەک لە کەرتی بانکیشدا نیگەرانییان هەیە، هەناردەکردنیان بە هەمان شێوە خاو بووەتەوە. نیگەرانییەکانمان بۆ چین بەتایبەتی شتێکە کە ئێمە زۆر لە نزیکەوە چاودێری دەکەین."

ئاماژەشی بەوەدا گەشەی ئوستڕاڵیا " بە شێوەیەکی بەرچاو لاوازتر دەبێت " بەهۆی خاوبوونەوەی چین و بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوودی ئوستڕاڵیا.

بانکی یەدەگی ئوستڕاڵیا لە مانگی هەشتدا بۆ دووەم مانگ لەسەریەک ڕێژەکانی وەک خۆی هێشتەوە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی 16 مانگ 4 خاڵ ڕێژەکەی بەرزکردەوە بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی هەڵاوسان بکات.

کاڵمەرز وتی " ئاڕاستەی گشتی بەرەو پێشچوونەکە زۆر ڕوونە، ئابووریمان لاواز دەبێت".

ئابووری ئوستڕاڵیا لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا بە ڕێژەی لە سەدا 0.2 گەشەی کردووە، کە ئەوەش خاوترین گەشەیە لە ماوەی 1 بۆ 2 ساڵی ڕابردوودا، چونکە بەرزبوونەوەی نرخ و بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوود خەرجییەکانی بەکارهێنەرانی کەمکردووەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG