وەزیری بەرگری ئەمەریکا لۆید ئۆستن بەڵێنیدا ئەمەریکا هەرچی پێویست بێت بیکات بۆ بەرگریکردن لە هێزەکانی، ئەمەش دوای هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن و کوژرانی سێ سەربازی ئەمەریکایی. هێرشەکەش لەلایەن گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجام درا.
ئۆستن لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی " توڕەیی و غەمباری خۆم دەردەبڕم بۆ مەرگی سێ سەربازیی ئازای ئەمەریکایی لە ئوردن و ئەو سەربازانەی دیکەش کە بریندار بوون."
ئۆستن لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ لە پێنتاگۆن وتی " خۆم و سەرۆک هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا قبووڵ ناکەین و هەرچی پێویست بێت دەیکەین بۆ بەرگریکردن لە ئەمەریکا و هێزەکانمان."
ئەمەریکا هەوڵ دەدات بزانێت بە دیاریکراوی بۆچی ئەو نزیکەی 350 سەربازەی کە لە بنکەکە بوون لە ئوردن نەیانتوانیوە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بوەستێنن، بنکەکە بە تاوەر 22 ناسراوە.
دوو بەرپرس وتییان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکایی لە هەمان کاتدا کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هێرشبەرەکە هاتووە لە بنکەکە نزیک بووەتەوە. یەکێک لە بەرپرسەکان وتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هێرشبەرەکە بە نزمی فڕیوە، ئەوەش ڕەنگە هۆکارێک بووبێت بۆ ئەوەی کە بەرگرییە ئاسمانییەکانی بنکەکە نەیانبینیوە.
هێرشەکان فشارێکی سیاسییان خستووەتە سەر سەرۆک جۆو بایدن تاوەکو ڕاستەوخۆ لە ئێران بدات، هەنگاوێک کە ئەگەر ڕووبدات ئەوا جەنگێکی بەرفراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرهەڵدەدات.
ستۆڵتنبێرگ وتی " ئێران بەردەوامە لە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە، بە یارمەتیدانی ئەو تیرۆریستانەشەوە کە هێرش دەکەنە سەر کەشتییەکانمان لە دەریای سووردا."
لەلایەکی دیکەوە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک ڕۆژی دووشەممە وتی نیگەرانە سەبارەت بە گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و داوای لە ئێران کرد گرژییەکان کەم بکاتەوە.
شارەزایان هۆشدارییان داوە لەسەر ئەوەی هەر هێرشێک دژی هێزەکانی ئێران لە ناو ئێراندا ڕەنگە تاران ناچار بکات بە هێزەوە وەڵام بداتەوە، ئەوەش گرژییەکان بە شێوەیەک زیاد دەکات کە ڕەنگە ئەمەریکا بخاتە ناو جەنگێکی دیکەی بەرفراوانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ئۆستن: ئەمەریکا هەرچی پێویست بێت دەیکات بۆ بەرگریکردن لە هێزەکانی
