Accessibility links

لە زنجیرەیەک تەقینەوەدا لە ئەفغانستان لانی کەم 14 کەس کوژران


کەسوکاری قوربانیانی تەقینەوەکانی مەزاری شەریف لە دەرەوەی نەخۆشخانەی شارەکە، ئەفغانستان
کەسوکاری قوربانیانی تەقینەوەکانی مەزاری شەریف لە دەرەوەی نەخۆشخانەی شارەکە، ئەفغانستان

تاڵیبان دەڵێت ڕۆژی چوارشەممە زنجیرەیەک تەقینەوە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستانیان هەژاندووە، یەکێک لە تەقینەوەکان لە مزگەوتێکدا ڕوویداوە لە کابوڵی پایتەخت و لانی کەم پێنج کەس کوژراون، سێ پاسی بچووکیش لە باکووری وڵاتەکە تەقیونەتەوە و 9 سەرنشین کوژراون.

نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئەفغانستان وتی 22 قوربانی تەقینەوەکەی ناو مزگەوتەکەی وەرگرتووە، پێنج کەسیان گیانیان لەدەستداوە. وتەبێژی پۆلیسی تاڵیبان لە کابوڵ خالید زادران وتی تەقینەوەکە لە مزگەوتی حەزرەت زەکەریا ڕوویداوە.

زادران وتی " تەقینەوەکە لە کاتی نوێژی ئێوارەدا ڕوویداوە و خەڵکەکە بۆ نوێژکردن لە مزگەوتەکە بوون."

وتەبێژی تاڵیبان لە هەرێمی باڵخ محەمەد عەسیف وەزیری وتی لە شاری مەزاری شەریفی باکووری ئەفغانستانیش سێ پاسی بچووکی بۆمبڕێژکراو تەقیونەتەوە. وتی بەهۆی تەقینەوەکانەوە 9 کەس کوژراون و 15 کەسی دیکە برینداربوون.

بەپێی بەرپرسێکی پۆلیس کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات چونکە ڕێگەی پێنەدراوە لێدوان بۆ ڕاگەیاندنەکان بدات، سەرجەم قوربانییەکانی تەقینەوەکانی شاری مەزاری شەریف سەر بە کەمینە شیعەکان بوون.

ڕێکخراوی داعش کە لە ڕابردوودا بەرپرسیارێتی هێرشەکانی دیکەی سەر شیعەکانی ئەفغانستانی ڕاگەیاندووە، بەرپرسیارێتی تەقینەوەکانی شاری مەزاری شەریفیشی ڕاگەیاند.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG