بەرپرسانی ئەفغانی دەڵێن بەهۆی هێرشێکەوە بۆ سەر پەرستگای سیخ لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان لانی کەم 2 کەس گیانیان لەدەستدا و 7 کەسی دیکە برینداربوون، ئەوەش دوابەدوای تەقینەوەی ئوتومبێلێکی بۆمبڕێژکراو. بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە.
کەناڵی تۆلۆی ئەفغانستان ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا دوکەڵ بەسەر ناوچەکەدا بەرز بۆتەوە. وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی تاڵیبان وتی هێرشبەرەکان ئوتومبێلێکیان بۆمبڕێژکردووە بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی تەقیوەتەوە.
گوتیشی هێزەکانی تاڵیبان چواردەوری ناوچەکەیان داوە.
بەرپرسێکی پەرستگاکە گۆرنام سینگ گوتی " نزیکەی 30 کەس لە ناو پەرستگاکەدا بوون، نازانین چەند کەسییان لە ژیاندا ماون و چەند کەسییان مردوون."
سینگ بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند بەرپرسانی پەرستگاکە نەیانزانیوە چی بکەن، لەکاتێکدا تاڵیبان ڕێگەی نەداون بچنە پەرستگاکەوە.
وتەبێژی فەرماندەیەکی کابوڵ وتی هێزەکانیان کۆنتڕۆڵی ناوچەکەیان کردووە و ناوچەکەیان لە هێرشبەرەکان پاککردۆتەوە. لەمیانەی پاککردنەوەی ناوچەکەدا پەرستارێکی سیخ و سەربازێکی تاڵیبان لە هێرشەکەدا کوژراون.
لە دوای ئەوەی لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردووەوە تاڵیبان کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە، تاڵیبان دەڵێت ئەفغانستانیان پاراستووە، بەڵام بەرپرسانی نێودەوڵەتی و شیکەرەوەکان دەڵێن مەترسی سەرهەڵدانەوەی گروپە چەکدارییەکان هێشتا ماوە.
ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هەندێک لە هێرشەکانی ئەم چەند مانگەی ڕابردووی لە ئەفغانستان ڕاگەیاندووە.
ڕاگەیاندنەکان دەڵێن سیخەکان کەمینەیەکی بچووکی ئاینیین لە ئەفغانستانی زۆرینە موسوڵماندا، پێش ئەوەی وڵاتەکە بکەوێتەوە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا، سیخەکان لە نزیکەی 300 خێزان پێکهاتبوون، بەڵام دواتر زۆرێکیان وڵاتەکەیان جێهێشت.
هاوشێوەی کەمینە ئاینییەکانی دیکە، سیخەکان بەردەوام ئامانجی توندوتیژییەکانی ئەفغانستان بوون. لە ساڵی 2020 دا لە هێرشێکدا بۆ سەر پەرستگایەکی دیکەیان لە کابوڵ 25 کەس کوژران و ڕێکخراوی داعشیش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند.
وەزارەتی دەرەوەی هیندستان نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە هەواڵی هێرشەکە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان ئاریندام باگچی وتی " لەنزیکەوە چاودێری ڕەوشەکە دەکەین و چاوەڕێی وردەکاری زیاتر دەکەین."
تەقینەوەکەی ڕۆژی شەممە ڕۆژێک دوای تەقینەوەکەی ناو مزگەوتەکەی شاری کوندوزی باکووری ئەفغانستان دێت کە بەرپرسانی ئەفغانستان دەڵێن بەهۆی هێرشەکەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز