Accessibility links

چه‌ند که‌س هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر مه‌لا سامان چه‌مچه‌ماڵی


مه‌لا سامان چه‌مچه‌ماڵی
مه‌لا سامان چه‌مچه‌ماڵی

ھەینی لەلایەن چەند کەسێکەوە ھێرش کرایە سەر مەلا سامان چەمچەماڵی وتاربێژی یەکێک لە مزگەوتەکانی ئەو قەزایە و بریندار کرا، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا نەبووە کە ھێرشیانکردوەتە سەری.


مەلا سامان چەمچەماڵی لە بارەی چۆنیەتی هێرشه‌که‌ بۆ دەنگی ئەمەریکا دواو ، ئاماژەی بە وەکرد که‌ لە کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکی هه‌ینی به‌ کاتی خۆجێێ کاتێک بەرەو مزگەوت رۆیشتووە ، ٥ گەنج کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری بی ئێم دەبلیۆیان پێبووە چاودێریان کردووە، و "لەبەر ئەوەی گەنجەکان دەمامکیان نەبوو گومانەکانم کەمتر بوو، بەڵام کاتێک نزیک مزگەوت بومەوە ئۆتۆمبێلەکەیان کەوتە پێشم."


ئەو زانا ئاینیە کە یەکێکە لەو زانایانەی لە وتارەکانیدا رەخنە لە حکومەت و بەرپرسانی حکومەت دەگرێت و بەشداری زۆربەی ئەو کەمپەینانەشی کردووە کە لە ناوچەکانی سلێمانی ئەنجامدراون، لە ئێستاشدا پشتگیری ئەو جوڵانەوەیە دەکات کە بە جوڵانەوەی "نەخێر" لەدژی ئەنجامدانی ریفراندۆم راگەیەنراوە.


مەلا سامان چەمچەماڵی درێژەی بەگێرانەوەکەیدا، روونیکردەوە لەبەردەم مزگەوتەکەیدا گەنجەکان پەلاماریان داوە و لێیانداوە ، سەریان شکاندوە و برینداریشیان کردووە، وتی"ژنە دوکاندارێکی نزیک مزگەوتەکەم قیژاندی و ھاواری کرد، بۆیە گەنجەکان رۆیشتن و جێیان ھێشتم."


سەبارەت بەھەبوونی کێشەی لەگەڵ ھیچ کەس و لایەنێکدا، مەلا سامان وتی"کێشەم لەگەڵ ھیچ کەسێکدا نیە و پێشتریش ھیچ کەس و لایەنێک ھەرەشەی لێنەکردووم."


وتیشی"سکاڵام تۆمار کردووە، بەڵام نازانم ئەو کەسانە کێ بوون کە لێیاندام."
لای خۆشیەوە عەمید عادل محەمەدی بەرێوەبەری پۆلیسی چەمچاڵ، ئاماژەی بەوەکرد ھێشتا رووداوەکە تازە روویداوە، بۆیە سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونن بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە ھێرشیانکردوەتە سەر زانا ئاینیەکە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:33 0:00

XS
SM
MD
LG