پۆلیسی ئەتڵانتا پیاوێکییان دەستگیرکرد بە تۆمەتی تەقەکردن لە ناو ناوەندێکی تەندروستی ئەتڵانتادا کە تیایدا ژنێکی کوشت و چوار ژنی دیکەی بریندار کرد.
دوابەدوای ڕووداوی تەقەکردنەکە پۆلیسی شارەکە بەردەوام لە هەوڵی دەستگیرکردنی گومانلێکراوەکەدا بوون. پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا وتی گومانلێکراوەکە کە ناوی دیۆن پاترسنە و تەمەنی 24 ساڵە لە شارۆچکەی کۆب دەستگیرکراوە، کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوا ئەتڵانتاوە.
بەرپرسان دەڵێن پاترسن لە بینای تەندروستی نۆرثساید تەقەی لە پێنج ژن کردووە، هەواڵی تەقەکردنەکە کرێکاران و هاوڵاتییانی ناچار کرد بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک خۆیان حەشار بدەن.
پاترسن بە ماوەیەکی کەم دوای گەیشتنی بۆ ناوەندەکە تەقەی لە یەکەم قوربانی کردووە، تەقەکردنەکە نزیکەی دوو خولەکی خایاندووە و دواتر پاترسن هەڵاتووە.
سەرۆکی پۆلیسی ئەتڵانتا دارین شیرباوم وتی ژنێکی تەمەن 39 ساڵ لە شوێنی ڕووداوەکەدا گیانی لە دەستداوە. جێگری سەرۆکی پۆلیسی ئەتڵانتا چارڵس هامپتن جونیەر وتی چوار بریندارەکەی دیکەش ژن بوون، تەمەنییان 25، 39، 56، 71 ساڵ بووە، وتیشی بارودۆخییان خراپە.
هامپتن ڕەتی کردەوە باس لە وردەکارییەکانی لێکۆڵینەوەکە یاخود ئەگەری پاڵنەری هێرشەکە بکات، وتی " بۆچی ئەوەی کرد کە کردی، هەموو ئەوانە هێشتا لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت."
دایکی پاترسن، مینیۆن پاترسن کە پۆلیس دەڵێت لەگەڵ کوڕەکەیدا بووە لە ناوەندە تەندروستییەکە، بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت پاترسنی کوڕی کە پێشتر ئەندامێک بووە لە پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمەریکا " کێشەی ناجێگیری دەروونی " هەبووە بەهۆی ئەو " دەرمانانەوە کە لەلایەن سیستمی تەندروستی کاروباری سەربازانی دێرینەوە " وەریگرتووە و لە ڕۆژی هەینییەوە دەستیکردووە بە وەرگرتنی ئەو دەرمانانە.
وتی کوڕەکەی دەرمانی ئاتیڤانی ویستووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دڵەڕاوکێ و خەمۆکییەکەیدا، بەڵام کاروباری سەربازانی دێرین نەیانداوەتێ چونکە پێیان وتووین " ئەو دەرمانانە وای لێدەکات ئاڵوودەیان ببێت ". وتی بە پەرستارەکەم وتووە تەنها ئەو ژەمە دەخوات کە بۆی دیاریکراوە چونکە " بە هەموو شێوەیەک گوێڕایەڵی من بووە."
وتی " ئەو خێزانانە، ئەو خێزانانە ئێستا لە ئازاردان چونکە ئاتیڤانە نەفرەتییەکەیان نەدا بە کوڕەکەم. ئەو خێزانانە خۆشەویستانییان لە دەستدا چونکە ئەو باری دەروونی تێکچوو لەبەر ئەوەی بە قسەی منییان نەکرد."
سکرتێری گشتی کاروباری سەربازە دێرینەکان تێرێنس هەیاس وتی " ئێمە زۆر غەمبارین سەبارەت بە ڕووداوی تەقەکردنەکەی ئەتڵانتا، بەهۆی پاراستنی نهێنی نەخۆشەوە، ناتوانین بەبێ ڕەزامەندییەکی نوسراو باسی زانیاری کەسێتی سەربازە دێرینەکان بکەین."
سەرچاوە/ AP