Accessibility links

غەنی: ئەفغانستانم جێهێشت تاوەکو خوێن ڕشتن لە کابوڵ دووربخەمەوە


سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی
سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی

سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی وتی هۆکاری ئەوەی مانگی ڕابردوو لە ئەفغانستان هەڵهات و ڕۆیشت بۆ ئیماڕات ئەوە بووە کە ویستوویەتی کابوڵ لە خوێن ڕشتن لە شەقامەکانی کابوڵی پایتەخت دووربخاتەوە، هەروەها ڕەتی کردەوە پارەی حکومەتی تاڵان کردبێت.

غەنی لە بەیاننامەیەکدا وتی " لەسەر داوای ئاسایشی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕۆیشتم، ئەوان پێیان وتم ئەگەر بمێنیتەوە ئەوا مەترسی ئەوە هەیە هەمان شەڕی کۆڵان بە کۆڵانی ساڵەکانی نەوەدەکان دووبارە ببێتەوە. جێهێشتنی کابوڵ قوسترین بڕیاری ژیانم بووە، بەڵام باوەڕم وابوو ئەوە تەنها ڕێگەیە بۆ ئەوەی چەکەکان بێدەنگ بکەم و کابوڵ و 6 ملیۆن دانیشتووەکەی ڕزگار بکەم."

غەنی تەمەن 72 ساڵ وتی 20 ساڵ کاریکردووە بۆ دروستکردنی حکومەتێکی دیموکرات لە ئەفغانستان، بەڵام دانی بەوەدانا کە شکستی هێناوە لە دابینکردنی " سەقامگیری و خۆشگوزەرانیدا "، هاوشێوەی حکومەتەکانی دیکەی پێشووی ئەفغانستان.

جێی ئاماژەیە ئیماڕات " وەکو ئەرکێکی مرۆیی " پێشوازی لە غەنی کردووە.

غەنی وتی لە " داهاتوویەکی نزیکدا " وردەکاری جێهێشتنی ئەفغانستان دەخاتەڕوو، بەڵام وتی " ئێستا دەبێت وەڵامی ئەو قسە بێ بنەمایانە بدەمەوە کە دەڵێن کاتێک ئەفغانستانم جێهێشتووە ملیۆنان دۆلاری خەڵکی ئەفغانیم لەگەڵ خۆمدا بردووە."

دەزگای هەواڵی ئاڕ تی ئەی ڕوسی ئاماژەی بەوەداوە غەنی بە چوار ئوتومبێل و هێلیکۆپتەرێکی پڕ لە پارەوە کابوڵی جێهێشتووە، هەروەها ناچار بووە هەندێک پارەی دیکە جێبهێڵێت چونکە شوێنی نەماوە بیبات لەگەڵ خۆیدا. دەزگا هەواڵیەکانی دیکەش دەڵێن گوایە غەنی 169 ملیۆن دۆلاری لە سندوقی حکومەت بردووە، باڵیۆزی ئەفغانستانیش لە تاجیکستان هەمان تۆمەتی ئاڕاستەی غەنی کرد.

غەنی وتی " ئەم تۆمەتانە سەرجەمیان ناڕاستن."

وتی " من و خێزانەکەم ورد بووین لە دارایی خۆماندا " و بە ئاشکرا ڕامگەیاندووە سەروەت و سامانەکەم چەندە. غەنی وتی پێشوازی لە پێداچوونەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لە پارە و حسابەکانیدا.

کەناڵی هەواڵی تۆلۆی ئەفغانستان لە چاوپێکەوتنێکی پەیامنێرێکیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن، پەیامنێرەکە لە بلینکن دەپرسێت " یارمەتی سەرۆک غەنیت داوە لە هەڵهاتن لە وڵاتەکە؟ "

بلینکن لە وەڵامدا وتی " شەوی پێش ئەوەی هەڵبێت لە گفتوگۆکەماندا پێی وتم ئامادەین تاوەکو مردن شەڕ بکەین."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG