Accessibility links

سەرۆکی ئەفغانستان سەرکەوتن بەسەر ڕێكخراوی داعشدا ڕادەگەیەنێت


سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی
سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی

سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی وتی هێزەکانی ئاسایشی وڵاتەکە ڕێکخراوی داعشیان لە ئەفغانستان " سڕیوەتەوە."

لەماوەی چەند هەفتەیەکدا زیاتر لە 600 چەکداری ڕێکخراوی داعش و خێزانەکانیان خۆیان ڕادەستی حکومەتی ئەفغانستان کردووە. بەرپرسان دەڵێن هێرشە ئاسمانییەکانی هێزەکانی ئەفغانستان و هێزەکانی هاوپەیمانان و کەمی پارە و کەمبوونەوەی ورەی چەکدارانی ڕێكخراوەکە بوونەتە هۆی ئەوەی ڕێکخراوی داعش ناچار بکەن خۆیان بەدەستەوە بدەن.

سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی لە جەلالئاباد بە ڕابەری هۆز و بەرپرسانی ئەفغانی وت " ساڵێک لەمەوبەر کەس لەو باوەڕەدا نەبوو بەرگە بگرین و ئەمڕۆ ڕایدەگەیەنین داعشمان سڕییەوە."

وتیشی " ئێستا دوای ئەوەی چەکدارانی داعش خۆیان بەدەستەوە داوە، داوا لە بەرپرسان دەکەم بەشێوەیەکی مرۆییانە مامەڵە لەگەڵ خێزانەکانیاندا بکەن." جێی ئاماژەیە لەم ساڵانەی دواییدا جەلالئابادی پایتەختی هەرێمی نەنکەرهار ڕووبەڕووی شەپۆلێکی هێرشە خۆکوژییەکان بۆوە کە ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەی ڕادەگەیاند.

حکومەتی ئەفغانستان دەڵێت لەنێو ئەو چەکدارانەی داعشدا کە دەستبەسەر کراون پاکستانی و تاجیکستانی و ئۆزبەکستانی و ئێرانی و ئازەرباینجانی و کازاخستانی و ماڵیڤیان تێدایە. .

بەڵام تاڵیبانی ئەفغانی کە لە پێناو دەسەڵات دژ بە ڕێکخراوی داعشیش دەجەنگن گومانی هەیە لەوەدا.

وتەبێژی فەڕمی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی " عەقڵ ئەوە نابڕێت. بەڕێوبەرایەتییەکەی کابوڵ هیچ ڕۆڵێکی نەبوو لە شکست پێهێنانی داعشدا و گەلی نەنکەرهار شایەتن لەسەر ئەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG