Accessibility links

لەگەڵ زیادبوونی فشارەکانی چالاکوانان بەڵام سپانسۆرەکانی ئۆڵۆمپیکی بەیژین تا ڕادەیەکی زۆر بێدەنگن


لەگەڵ دواخستنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیکی هاوینەیی تۆکیۆ کە بەهۆی پەتاکەوە دواخرا چالاکوانانی بواری مافەکانی مرۆڤ لە خۆئامادەکردندان بۆ فشارخستنەسەر ئەو کۆمپانیایانەی کە ڕۆڵیان هەیە لە ئاست باڵای پشتیوانی" سپانسۆر"ی خولی یارییە زستانەییەکانی ساڵی 2022 لە بەیژین.

ئەو چالاکوانانە داوادەکەن کە بەرپرسەکانی جێبەجێکاریی دەزگا باڵاکان پاساوی پشتگیرییان لە مەراسیمەکە بخەنە ڕوو بەجۆرێک بانگەشەی ئەوە دەکەن بۆ ئەوەی سەرنجی جیهان بەرەو لای پێشێلکارییە بەردەوامەکانی مافەکانی مرۆڤ لە سەرتاسەری چین رابکێشن.

حکومەتەکانی چەندین وڵات لەوانە ولایەتە یەگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێن؛ ڕەفتارەی حکومەتی چین لەگەڵ خەڵکی ئۆیگور لە ناوچەی خۆرئاوای "شینگیانگ" کە گرتوخانەی زۆورەملێ و پاکتاوی زۆرەملێ دەگرێتەوە کە هەنگاودەنێت بۆ جینۆساید. هەروەها چین ڕووبەڕووی شەرمەزارکردن بۆتەوە بەهۆی سەرکوتکردنی داکۆکیکارانی دیموکراسی لەهۆنگ کۆنگ و سەرکوتکردنی کەمینەکان لە تبت و مەنگۆلیەکانیش لەناوخۆی وڵاتەکە .

چالاکوانان هیواخوازن کە بتوانن سەرنجەکان لەسەر ئەو گرنگی و بایەخەی یارییەکانی داهاتوو بەکاربهێنن بۆئەوەی لیژنەی نێودەوڵەتی ئۆڵۆمپی ناچاربکەن یارییەکان بگوازنەوە بۆ شوێنێکی دیکە یان بەلای کەمەوە سپۆنسەری کۆمپانیا گەورەکان ناچاربکەن پشتیوانیەکانیان بکشێنەوە.

گومان لە سەرکەوتن

وادیارە گواستنەوەی یارییەکان لەم کاتە درەنگەدا کارێکی نەکردە بێت، چالاکوانان پێیانوایە سەرنجڕاکێشان بۆ پرسی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لەچین کە پارتی کۆمۆنیستی چین بە توندی نکۆڵی لێدەکات؛ هێشتا ڕەنگە کاریگەری لەسەر سپانسۆرەکان هەبێت. وا بڕیارە یاریەکانی ئۆڵۆمپیکی بەیژین لە رۆژانی 4 بۆ 20 مانگی دووی ساڵی داهاتوودا سازبکرێت.

ماندی ماکێون بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆڕی نێودەوڵەتی تیبت دەڵێت "پێموایە بە دڵنیاییەوە دەرفەت هەیە "بێگومان فشارلەسەر ئەوان زیاتر دەبێت."

زۆرێک لە کۆمپانیاکان وا پێشبینی دەکەن کە ڕێکەوتننامەی بازاڕسازی لەگەڵ لیژنەی نێودەوڵەتی ئۆڵۆمپیکدا واژۆ دەکەن، بەڵام چالاکوانان سەرنجی کۆمپانیا گەورەکان بەلای خۆیاندا رادەکێشن، ئەوانەش دەگرێتەوە کە بەشداری لە پرۆگرامی هاوبەشی ئۆڵۆمپی لیژنەی نێودەوڵەتی ئۆڵۆمپیک دا دەکەن. بریتین لە کۆمپانیاکانی ئەمریکا وەک کۆکا کۆلا، کارەبای گشتی، ڤیزا، ئینتێل و تۆیۆتا.

زۆربەی سپانسۆرە سەرەکییەکانی ئۆڵۆمپیک زۆر بە ئاشکرا پابەندی خۆیانیان راگەیاندووە بە مافەکانی مرۆڤەوە، بە ڕاشکاوانە لەناو سیاسەتی کۆمپانیاکانیاندا دایانڕشتووە، ئەمەش دەیانخاتە ناو پێگەیەکی هەستیارەوە سەبارەت بە یاریەکانی بەیژین.

ماکوێن گوتی : " بوونی هەر شتێک کە پەیوەندی هەبێت بە بەیژین 2022 کە پابەند نابێت بە هەرجۆرە سیاسەتێک بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ کە وادەبینرێت ڕێکخراوەکەت پشتیوانی لێدەکات ئەوا خۆیان لەناودەبەن و شایەنی ئەو پەڕاوە نین کە لەسەری نوسراوە."

سەرەڕای ئەو ناڕەزاییە، بەڵام کۆمپانیاکانی سپانسۆری ئۆڵۆمپیک تاڕادەیەکی زۆر لەو بارەیەوە بێدەنگن.

کۆون ستوپ ڕێکخەری سیاسەتەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ کۆنگرەی ئۆیگوری جیهان، کە بنکەکەی لە شاری میونیخ-ی ئەڵمانیایە، وتی:"ئەو وەڵامەی کە تا ئێستا لە سپۆنسەرەکان وەرمانگرتووە لە بنەڕەتدا هیچ نییە."

تا ئێستاکە تەنیا یەکجار سپۆنسەری ئۆڵۆمپیک بە ئاشکرا بەرگریان لەخۆیان کردووە، لە میانەی دانیشتنی کۆمیسیۆنی جێبەجیکاری کۆنگرێس سەبارەت بە چین کە لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا بوو، ئەوەش دوابەدوای ئەوەی یاسادانەرانی ئەمریکا زوربەیانی ناچارکرد کە نوێنەرەکانیان بنێرن.

'ئێمە ... دوای وەرزشوانەکان دەکەوێن'

کۆبوونەوەی گوێگرتنە مشتومڕ لەسەرکە لێدوانی توڕەی یاسادانەرانی هەردوو پارتە سیاسیە سەرەکیەکەی ئەمریکای لێکەوتەوە، کە گوتیان کۆمپانیاکانی وەک کۆکا کۆلا، ئینتێڵ، پرۆکتەرو گامبڵ، ئێربینب، و ڤیزا دەترسن رووبەڕووی حکومەتی چین ببنەوە چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە کارە بازرگانیەکانیان.

تام مالینۆسکی ئەندامی کۆنگریس بۆ ولایەتی نیوجێرسی کە دیموکراتە دەڵێت:"تۆ لەوان دەترسیت بە شێوەیەک کە لە ڕەخنەگرانی ئەمریکا ناترسیت، پێموایە ئەوە شەرمەزارییە. "

بەرپرسە جێبەجێکارەکان لە کۆبوونەوەکەدا وتیان لەوانەیە کەمتر بە رەخنەگرتن لە چین لێکبدرێتەوە. کاتێک پرسیاریان کرد سەبارەت بەوەی ئایا بۆچونی ئەوان چیە لەبارەی گواستنەوەی یارییەکان؛ زۆربەیان وەڵامەکەیان هاوشێوەی جێگری سەرۆکی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کۆکا کۆلا بوو، پۆڵ لالی گوتی : ئێمە نە لە هەڵبژاردنی شاری میوانداریدا و نە لەسەر ئەوەی کە ئایا ئۆڵۆمپییک دوادەخرێت یان شوێنەکەی دەگوازرێتەوە راوبۆچونمان وەرنگیرا. ئێمە بڕیار لەسەر شوێنەکانی میوانداری نادەیەن. ئێمە لە هەر شوێنێک بێت پشتگیری لە وەرزشوانان دەکەین و دوایاندەکەوین."

چین بە توڕەییەوە وەڵامی کۆبوونەوەکەی کۆنگرێسی دایەوە کە فشار دەخاتە سەر سپانسۆرەکانی ئۆڵۆمپی و بە تایبەتیش سەبارەت بە تۆمەتبارکردنیان بە جینۆساید کە لەلایەن هەندێک لە یاسادانەرانەوە دووبارە دەکرایەوە .

لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس ، وەزارەتی دەرەوەی چین ئەو تومەتی جینۆساید ناونا " درۆی سەدە". لە بەردەوامی لێدوانەکەدا هاتووە، "ئەمە پێشێلکارییەکی رژدە لە رۆحیەتی پەیماننامەی ئۆڵۆمپی و زیان بە بەرژەوەندی وەرزشوانان لە هەموو وڵاتان و زیان بە پرسی ئۆڵۆمپیکی نێودەوڵەتی دەگەیەنێت." چین بە توندی ئەوەی ڕەتکردەوە.

' گەمەکانی جینۆساید'

گوێگرتن لە بەڕێوبەرانی کۆمپانیاکانی سپانسۆر کە وا مامەڵەدەکەن بەوشێوەیە قبوڵکردنی یاریەکانی بەیژین وەک بەشێک لە خۆتەرخانکردن بۆ وەرزشوانانی ئۆڵۆمپی بێت؛ لە ڕاستیدا بابەتێکە بە تایبەتی بووەتە جێی توڕەبوونی هەندێک لە چالاکوانەکان.

ماکێون لە تۆڕی نێودەوڵەتی تیبت گوتی "ئەگەر ئەوان لە خەمی وەرزشواناندان و وەرزشوانان دەکەنە بەرایی خەمەکانیان، ئەوا دەبێت کاریگەری هەژمونی خۆیان بەکاربهینن بۆ قایلکردنی لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی کە ئەمە ڕاست نییە و ئەمە نابێت ڕوو بدات."

هەروەها وتیشی "نابێت ئەو وەرزشوانانە دابنێن کە زۆر نیگەرانن کە ڕەنگە مەدالیاکان ببەنەوە لەکاتێکدا وەک یاریەکانی جینۆساید لێیدەڕوانرێت، من لەو باوەڕەدام ئەمە شتێکی ئاساییەو زۆر ئاشکرایە."

' بڕیارێکی ئاڵۆز '

پسپۆڕانی ئەو کۆمپانیایانەی کە وەک سپانسۆری یاریەکانی بەیژین هەڵبژێردراون؛ شیکردنەوەیەکیان کردووە کە پێیان دەڵێت پەیوەندیکردنیان بە یارییەکانەوە زیاتر زیانیان پێدەگەیەنێت لەچاو زیادکردنی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان.

ڕیک بۆرتن مامۆستای بەشی کاروباری وەرزشی لە زانکۆی سیراکویز دەڵێت" لە ئاکامدا مەبەست ئەوەیە ئەوان دەڕواننە لوتکەی سپانسۆر لە تەواوی جیهاندا نەک تەنها لە ئەمریکادا، کەواتە کۆکا کۆلا یان ڤیزا دەزانن کە لە ئەمریکا هەندێک گەرموگوڕی بەدەستدەهێنن، بەڵام ڕەنگە لە چین یان لە ئوسترالیا یان لە ئەڵمانیا کاریگەرییان نەبێت، کە ڕەنگە ئەم کێشانە تا رادەیەک بەرزنەبێتەوە بۆ ئەو ئاستەی کە لە ئەمریکا دا هەیانە."

بۆرتن پرسیار دەکات " تا چ رادەیەک دەتوانن ئەو گەرموگوڕییە بهێڵنەوە بەرامبەر بەرزبونەوەی ئەو فرۆشەی کە هەیەتی؟" بۆرتۆن وتیشی" ئەوە وادەکات کە بە ڕادەیەکی ناباوەڕپێکراو سەرمایەدارانە دەربکەون، بەڵام ئەو کۆمپانیایانە لەزۆربەی حاڵەتەکاندا ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە لەسەر ئەوەی کە خاوەن بەرژەوەندییەکان چ داوایەکیان لێیان هەیەو نرخی پشکەکانیان چی بەسەر دێت. یان داوای دەکەن و نرخی سەرمایەکانیان چی دەکات."

' پابەندبوونێکی چەند ساڵەیی '

ئەندرۆ زیمبالیست پرۆفیسۆری ئابوری لەکۆلێژی سمیس کە چەندین لایەنی ئابوری جیاوازی وەرزشی خوێندوە دەڵێت: "دەکرێت مرۆڤ ئەم بڕیارە بە ئاسانی ببینێت؛ واتە پرۆسەی بڕیاردانەی کە سپانسەری ئۆڵۆمپیکی پێیدا تێدەپەڕێت."

هەروەها دەڵێت: "زۆر سروشتییە بپرسین ئایا لکاندنی ناوی کۆمپانیایەک بە ئۆڵۆمپیکی بەیژینەوە لەناوی دەبات یان دەیگەشێنەوە، بەڵام دۆزینەوەی ئەو وەڵامە ئاسان نییە."

ئەو دەڵێت " پێموانییە رێگەیەک هەبێت بۆئەوەی رادەی ئەو مەترسیانەی کە هەیە دیارییبکەیەن و رادەی ئەگەری بانگەشەی ئەرێنی دیاریبکەیەن".

ئەمەش زیاتر ئاڵۆزبووە بۆ ئەو کۆمپانیایانەی بەشداری بەرنامەی هاوبەشی ئۆڵۆمپیک دەکەن، کە لە بەرزترین ئاستی سپانسۆریدایە کە بۆ ماوەی چەند ساڵێک ناویان تۆماردەکرێت و چەندین یاریی هاوینەیی و زستانییەکان ڕووماڵدەکەن.

یاریـیەکانی بەیژین وەک 'رێبەری شکست'

زیمبالیستی وتی"هەندێک کۆمپانیاش لەودیو بەیژینەوە سەیردەکەن و دەڵێت"پرۆسەی سپانسۆرەکە هەندێکجار بۆ سێ یان چوار یاری ئۆڵۆمپیاد بەردەوام دەبێت."

زیمبالیست وتیشی:" لە ڕاستیدا ئەوان وا سەیری بەیژین دەکەن کە پەرەپێدەری بازاڕسازییەکەیە وەک ئەوەی ئابوریناسەکانی بواری بازرگانی ناوی دەنێن "رێبەری شکست" ئەمە ئەو ستراتیژی کارکردنەیە کە پارە لەدەست دەدات بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەڵام لە بوارە جیاوازەکانی دیکەدا قازانجی زۆر دەکەن".

پێشوازیکردن لەهەر بەرەوپێشچونێک دەکەیەن

لە کاتێکدا ئامانجی کۆتایی گروپە چالاکوانەکان ئەوەیە سپانسۆرەکان دەبێت بە تەواوەتی پاشەکشە بکەن لە پابەندبوونی خۆیان بە یاریەکانی بەیژینەوە، بەڵام زۆربەی دەرک بەوەدەکەن کە دەرئەنجامێکی وای نابێت؛ بەڵام تەنانەت دڵیان بەوە خۆشە هەندێک هەنگاوی بچوکیش بنرێت.

لە کۆنگرەی نێودەوڵەتی ئویگوردا، ستوپ وتی " باشترین دەرئەنجام دەبوو ئەگەر ئەو سپانسۆرانە لە بەرامبەر کۆمەڵکوژی ئویگوردا، سپانسەریی خۆیان بۆ ئۆڵۆمپیکی بەیژین پاشەکشە پێبکردایە."

ستوپ دەڵێت " بەڵام تەنانەت ئاماژەکان وەک بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی دیاریکراو لە کاتی ئۆڵۆمپیکەکەدا کە تێیدا نیگەرانی خۆیان دەرئەبڕن سەبارەت بە جینۆسایدی ئویگۆر یان هەر شتێک کە هۆشیاری زیاتر لەبارەی ئەوەی بەسەر خەڵکی ئویغوردا دێت لە کاتی ئۆڵۆمپیادەکەدا گوزارشتی لێدەکەن – لە ڕاستیدا ئەمە دەرئەنجامێکە بۆ ئێمە کە باشترە لەوەی کە لە ئێستادا ڕوودەدات ".

*هەندێک لە زانیارییەکان لە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسەوە وەرگیراون.

By: Rob Garver

XS
SM
MD
LG