Accessibility links

ئاگربەستی نێوان حزبوڵڵا و بەرەی نوسرە لە ناوچەی عرسالی لوبنان دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە


دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە لوبنان دەڵێن لە ناوچەی جرود عرسالی باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵات، حزبوڵڵا و جەبهەت فەتح ئەلشام (بەرەی نوسرە) بە ئاگربەستێـک گەیشتوون و چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فەرمی لوبنان لەسەر ماڵپەڕەکەی هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت ڕێکەوتنەکە بە ناوبژیوانی جەنەڕاڵ عەباس ئیبراهیم بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی لوبنان ئەنجامدراوە و لە کاژمێر 6 ی بەیانی ئەمڕۆ پـێنجشەممە چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

ئاژانسەکە دەشڵێت بڕیارە جەنەڕاڵ ئیبراهیم بەیانـنامەی ڕێکەوتنەکە ڕابگەیەنێت.

میدیاکانی لوبنان دەڵێن بەرەی نوسرە تەسلیمبوونی خۆی ڕاگەیاندووە و بەپـێی ڕێکەوتنەکە دەبێت چەکدارەکانی نوسرە لەگەڵ خێزانەکانیان بەرەو پارێزگای ئیدلیبی سوریای ژێر دەستی گروپەکەیان بڕۆن و لە بەرامبەردا 3 چەکداری حزبوڵڵا ئازادبکرێن کە لە ساڵی 2016 وە لە ناوچەی تەل ئەلعیسی پارێزگای حەلەب بە دیلی دەسـتگیرکران.

جێی ئاماژەیە حزبوڵڵا لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی سوریا شەڕی لە دژی بەرەی نوسرە لە ناوچەی جرود عرسال دەسـتپـێکرد. میدیاکانی حزبوڵڵا دەڵێن ئێستا تەواوی چەکدارانی بەرەی نوسرە لە ناوچەیەک گەمارۆدراون کە بە 9 کیلۆمەتر دووجا مەزەندەدەکرێت.

حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری حزبوڵڵا ڕۆژی چوارشەممە گوتی سەرکەوتنێـکی لەشکری گەورەیان تۆمارکردووە و ئێستا دانوستاندن دەسـتیپێـکردووە و لایەنێـکی فەرمی لوبنانی بەڕێوەی دەبات.

جگە لە چەکدارانی بەرەی نوسرە، چەکدارانی داعشیش لە بەشێـکی دیکەی ناوچەی عرسالدا هەن و لەم هەڵمەتەی لوبنان بۆ پاککردنەوەی ناوچە سنووریـیەکان نەهێشتنی ئەوانیش لە پـلانەکاندان.

XS
SM
MD
LG