Accessibility links

ئەرمینیا ڕێکەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیـیەکانی لەگەڵ تورکیا هەڵوەشاندەوە


ئەرمینیا بڕیاری دا دەستبەرداری ئەو ڕێکەوتننامەیە ببێت کە لە ساڵی 2009 وە لەگەڵ تورکیا واژویکردبوو بە ئامانجی ئاسایـیکردنەوەی پەیوەندیـیەکانی نێوانیان.

سرژ سەرکسیان سەرۆکی ئەرمینیا ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی ئەم بڕیارەی دا و وتارێکی لەم بارەیەوە پـێشکەشکرد کە دەقەکەی لەسەر ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەرمینیا بڵاوکراوەتەوە.

سەرکسیان دەڵێت لەوەتای لە مانگی 10ی ساڵی 2009 لە زیورخی سویسرا ئەو ڕێکەوتننامەیەیان واژوکردبوو، ئەنکەرە هیچ هەنگاوێکی بە ئاڕاستەی جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەکە نەناوە و تەنانەت هیچ هیوایەکیشی بۆی نەهێشتووەتەوە.

پاشان ئاماژەی بۆ وتارەکەی مانگی 9ی ساڵی ڕابردووی خۆی کرد لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تیایدا ئاگاهی دا ئەگەربێت و تورکیا هەنگاوی ئەرێنی نەنێت، ئەوا ئەرمینیا لە بەهاری ساڵی 2018 ڕێکەوتننامەکە هەڵدەوەشێنێتەوە.

داواشی لە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی کرد ئەنکەرە لە بڕیارەکەیان ئاگاداربکاتەوە.

مەبەست لە ڕێکەوتننامەکە، دروستکردنی پەیوەندی دیپـلۆماسی لە نێوان ئەرمینیا و تورکیا بوو لەگەڵ کردنەوەی سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات.

کێشەی سەرەکی نێوانیان ئەوەیە ئەرمەنەکان دەڵێن نزیکەی 1.5 ملیۆن ئەرمەن بە دەستی عوسمانیـیەکان لە نێوان ساڵانی 1915 هەتا 1917 کوژراون، بەڵام تورکیا ئەوە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت ڕووداوێکی ناخۆشی مێژوویی بووە و وەکو یەک لە هەردوولا کوژراون.

XS
SM
MD
LG