Accessibility links

سەرۆکی ئەرمینیا داوا لە پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا دەکات لە هەڕەشەکانی ئەردۆغان سڵ نەکەن


سەرۆکی ئەرمینیا داوای لە پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا کرد دەنگ بەو پـرۆژە بڕیارە بدەن، ئەوەی کوشتنە بە کومەڵەکانی ئەرمەنیـیەکان لە سەردەمی ئیمپـراتۆریەتی عوسمانی بە جینۆساید دادەنێت.

ڕۆژنامەی بیلدی ئەڵمانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە زاری سرژ سەرکسیان سەرۆکی ئەرمینیاوە بڵاویکردەوە کە گوتویەتی" من دڵنیام لەوەی سیاسەتمەداران لە ئەنجومەنی بوندێستاگ Bundestag)) پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا، هەمان تێڕوانینیان هەیە و ڕێگە بە خۆیان نادەن چۆکدابدەن لە ئاست هەڕەشەدا.

گوتیشی ئەگەر کەسێـک جارێـک بۆ بەرژەوەندی سیاسی کورت خایەن لە بەردەم هەڕەشە چۆکی‌دادا، ئەوا زۆر جاری دیکەش چۆکدەدات، ئەمەش بۆ ئەڵمانیا و ئەوروپا و جیهان کارێـکی خراپ دەبێت.

پارتی سەوزی ئەڵمانیا پـرۆژە بڕیارەکەی خستووەتە بەردەم پەرلەمان، لەم کاتەی ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا هەوڵ دەدات ناکۆکی زیاتری لەگەڵ حکومەتی تورکیا نەبێت و ڕێکەوتنی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا سەبارەت بە کۆچبەرانی نایاسایی تێکنەچێت.

پـرۆژە بڕیارەکە کە جگە لە پارتی سەوز لە لایەن پارتی کۆنەپارێزی ئەنگێلا مێرکڵ و پارتی سۆشیال دیموکراتیش بە فەرمی پشـتیوانی لێدەکرێت، لە ناونیشان و دەقەکەشی وشەی جینۆسایدی تیادا بەکارهاتووە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا دوێنێ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی پەسەندکردنی ئەو پـرۆژە بڕیارە ڕەنگە ببێتە مایەی زیان گەیاندن بە پەیوەندیـیەکانی نێوان ئەنکەرە و بەرلین.

XS
SM
MD
LG