Accessibility links

ئەرمینیا 156 خۆپیشاندەر دەستگیر دەکات کە دژایەتی ڕادەستکردنی خاکەکەیان دەکەن بە ئازەربایجان


ڕۆژی دووشەممە ئەرمینیا بۆ ماوەیەکی کورت ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەرانی دەستگیرکرد کە هەوڵییاندابوو شەقامەکانی یەریڤانی پایتەخت بگرن لە چوارچێوەی خۆپیشاندانێکدا دژی پلانەکانی حکومەت بۆ ڕادەستکردنی خاکی وڵاتەکە بە ئازەربایجانی دوژمنی ئەرمینیا.

ئەرمینیا ڕازی بووە بە ڕادەستکردنی ئەو خاکەی کە لە ساڵەکانی نەوەدەکانەوە لە ژێر کۆنتڕۆڵیدا بووە و دەستیکردووە بە هەوڵەکانی بۆ سنووردارکردنی سنوورەکانی، ئەمەش لە هەوڵێکیدا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ ئازەربایجاندا و خۆ بەدوورگرتن لە ململانێیەکی دیکەی خوێناوی لە نێوانیاندا.

ڕادەستکردنی خاکەکە بووەتە هۆی خۆپیشاندان لە ئەرمینیا و خۆپیشاندانەکان چەند هەفتەیەکە بەردەوامن. خۆپیشاندەران شەقامە سەرەکییەکانییان داخستووە لە هەوڵێکدا بۆ ناچارکردنی سەرۆک وەزیری ئەرمینیا نیکۆڵ پاشینیان تاوەکو ئاڕاستەکەی بگۆڕێت.

سەرکردەی خۆپیشاندانەکان قەشە باگرات گالستانیان داوای لەو کەسانە کردووە کە دژی ڕێککەوتنەکەن ڕۆژی دووشەممە بێنە سەر شەقامەکانی یەریڤان، ئەمەش لە پیشاندانێکی نوێی ناڕەزاییەکاندا دژی ڕێککەوتنەکە.

باگرات گالستانیانی تەمەن 52 ساڵ هاووڵاتییەکی ئەرمینیایی و کەنەدییە و سەرکردەی کڵێسایەکە لە هەرێمی تاڤوش. هێزەکانی ئەرمینیا لە ساڵەکانی نەوەدەکاندا ئەو هەرێمەیان کۆنتڕۆڵ کرد. هەرێمەکە یەکێکە لەو ناوچانەی کە سەرۆک وەزیری ئەرمینیا ڕازی بووە چوار گوندی هەرێمەکە ڕادەستی ئازەربایجان بکات.

وەزارەتی ناوخۆی ئەرمینیا وتی ڕۆژی دووشەممە 156 کەس دەستبەسەرکراون بەڵام خۆپیشاندەرەکان نەیانتوانیوە هیچ شەقامێک لە یەریڤان دابخەن و هەموو ئەوانەشی کە دەستبەسەرکراون دواتر ئازاد کراون.

پەیامنێرانی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس دەڵێن سەدان کەس ڕۆژی دووشەممە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە و پۆلیسیش خەڵکەکەیان لەسەر شەقامەکان دەستبەسەرکردووە.

ئەرمینیا و ئازەربایجان کە هەردووکییان پێشتر سەر بە یەکێتی سۆڤیەت بوون، لە دوای ئەوەی لە یەکێتی سۆڤیەت جیابوونەوە ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە لەسەر ناوچە جێناکۆکی لەسەرەکان، بە تایبەتی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ.

مانگی ڕابردوو دوو وڵاتەکە ڕایانگەیاند دەستییان کردووە بە لابردنی سنوورەکان لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانییاندا.

کۆتایی هەفتەی ڕابردوو وەزیرانی دەرەوەی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە کازاخستان کۆبوونەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندا لەسەر چەندین ئاستی جیاواز کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و ڕووسیا و ئەمەریکاوە نێوەندگرییان تێدا دەکرێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG