سەرۆکی ئەرمینیا ئارمین سارکیسیان دەست لەکارکێشانەوەی خۆی وەکو سەرۆکی وڵاتەکە ڕاگەیاند، وتیشی باوەڕی وایە دەستووری وڵاتەکە دەسەڵاتی تەواوی ناداتێ کە بتوانێت کاریگەریی لەسەر ڕووداوەکان هەبێت.
سارکیسیان کە لە ساڵی 2018 ەوە سەرۆکی ئەرمینیایە، لە ساڵی ڕابردوودا لە کۆمەڵێک بابەتدا ناکۆکی لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئەرمینیا نیکۆڵ پاشینیاندا هەبوو، یەکێک لەوانەش لابردنی سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە بوو.
سارکیسیان لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی سەرۆکایەتی بڵاوکرایەوە وتی " ماوەیەکی زۆرە بیر دەکەمەوە، بڕیارمدا دەست لەکارەکەم بکێشمەوە وەکو سەرۆک کۆمار، ئەوەش دوای چوار ساڵ کارکردنم بەشێوەیەکی چالاک."
وتیشی " لەوانەیە پرسیار بکرێت لەسەر ئەوەی بۆچی سەرۆک شکستی هێناوە لەوەدا کە کاریگەریی لەسەر ئەو ڕووداوە سیاسییانە هەبێت کە بەم قەیرانە نیشتیمانیەیان گەیاندین، هۆکارەکە ئاشکرایە، نەبوونی ئامڕازی گونجاو... دەستوور. ڕەگ و ڕیشەی هەندێک لەو کێشانەی هەمانە لەناو یاساکانماندا شاردراونەتەوە."
لە گشتپرسیەکدا کە لە مانگی دوانزەی ساڵی 2015 دا لە ئەرمینیا بەڕێوەچوو، دەسەڵاتە کاریگەرەکان درایە دەستی پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتیش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکرانەوە.
سارکیسیان لە بەیاننامەیەکدا ڕاستەوخۆ ئاماژەی بە هیچ کام لە ڕووداو یاخود کێشەکانی نەداوە.
لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا ئەرمینیا و ئازەربایجان ڕێکەوتنی ئاگربەستیان لەسەر سنوورەکانیان واژۆکرد، ئەوەش دوای ئەوەی ڕوسیا داوای لێکردن شەڕ و پێکدادانەکانی نێوانیان ڕابگرن کە ماوەی شەش هەفتەی خایاند.
لەو کاتەوە سەرۆک وەزیری ئەرمینیا نیکۆڵ پاشینیان لەژێر فشاردایە، خۆپیشاندەرانی وڵاتەکە ناڕەزاییان سەبارەت بە مەرجەکانی ئاگربەستەکە دەربڕی و لەسەر ئەوەش داوایان لێکرد دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە. بەپێی ڕێکەوتنەکەی ساڵی 2020 کە ڕوسیا نێوەندگری تێداکرد، ئازەربایجان دووبارە کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانەی کردەوە ک لە جەنگێکدا لە سەرەتای ساڵەکانی 1990 ەکاندا لەدەستیدابوون.
لە ساڵی 1991 دا ئەرمینیا لە یەکێتی سۆڤیەت جیابۆوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەڕووی یارمەتی و وەبەرهێنانەوە پشتی بە ڕوسیا بەستووە. زۆرێک لە ئەرمینیەکان حکومەتی وڵاتەکە بە گەندەڵی و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ ئابووری وڵاتەکە تۆمەتبار دەکەن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز