Accessibility links

ئەرمینیا: زیاتر لە 100 هەزار ئەرمەنی دانیشتووی قەرەباغ لەو هەرێمە هەڵاتوون


شەپۆلی کۆچبەران لە هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغەوە بۆ ئەرمینیا زیادیکردوە. ئەرمینیا ڕایگەیاندوە لە دوای ئەوەی ئازەربایجان کۆنتڕۆڵی هەرێمەکەی کردووە، سەرانسەری دانیشتوانی هەرێمەکە چۆڵییان کردووە و هەڵاتوون بۆ ئەرمینیا.

لە شارۆچکەی گۆریسی سەر سنووری نێوان ئەرمینیا و قەرەباغ، سەدان کۆچبەری شەکەت و ماندوو لە گۆڕەپانی ناوەندی شارۆچکەکەدا چاوەڕێیان دەکرد تاوەکو حکومەت پێداویستییان بداتێ.

هەفتەی ڕابردوو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە خێراکەی ئازەربایجان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ بووە هۆی ئەوەی دانیشتوانەکەی کە زۆرینەیان ئەرمەنین هەرێمە جێبهێڵن.

ڕۆژی شەممە ئەرمینیا ڕایگەیاند زیاتر لە 100,000 کەس لە دانیشتوانە 120,000 ئەرمەنییەکەی قەرەباغ هەڵاتوون بەرەو ئەرمینیا.

بەرپرسێکی پێشووی هێزە جیاخوازەکانی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ، ئارتاک بێگلاریان وتی بەپێی زانیارییە نافەڕمییەکان، "دوایین گروپەکانی" ئەرمەنەکانی ناو قەرەباغ ڕۆژی شەممە لە ڕێگادابوون بەرەو ئەرمینیا.

وتی "بەلایەنی زۆرەوە تەنها چەند سەد کەسێک لە قەرەباغ ماونەتەوە، زۆربەیان بەرپرس و کارمەندانی فریاگوزاری خێرا و خۆبەخش و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتن."

ئەرمینیا ئازەربایجانی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی " پاکتاوی نەژادی " بۆ پاککردنەوەی ناگۆرنۆ قەرەباغ لە دانیشتوانە ئەرمەنییەکەی.

بەڵام ئازەربایجان ئەوە ڕەت دەکاتەوە و بە ئاشکرا داوای لە دانیشتوانە ئەرمەنییەکەی قەرەباغ کردووە لە ناوچەکە بمێننەوە و " لەگەڵ ئازەربایجاندا یەکبخرێن."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG