Accessibility links

پەرلەمانی ئەڵمانیا: کۆمەڵ کوژی ئەرمەنەکان جینۆساید بوو


پەرلەمانی ئەڵمانیا بە زۆرینەی دەنگ کۆمەڵ کوژیـیەکانی ئەرمەنەکان، ئەوانەی سەردەمی ئیمپـراتۆریەتی عوسمانی بە جینۆساید ناساند.

پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا ناسراو بە بوندێستاگ ئەمڕۆ پـێـنجشەممە پـرۆژە بڕیارەکەی پەسەندکرد کە لە لایەن حکومەتی هاوبەندی ڕاست و چەپی ئەنگێلا مێرکڵ و پارتی سەوز پـێشنیارکرابوو. تەنیا یەک پەرلەمانتار دەنگی لە دژی بڕیارەکە دا و پەرلەمانتارێـکی دیکەش دەنگی نەدا.

ئەنگێلا مێرکڵ لەوێ نەبوو، بەڵام دەڵێن سەرقاڵی کاری دیکە بووە، هەرچەندە کریستیان ڤێرتز خانمە گوتەبێژەکەی بە ڕوونی گوتی خانم مێرکڵ پشـتیوانی لەم هەنگاوە کردووە.

ئەم هەڵوێستەی پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆی هەیە پەیوەندیـیەکانی نێوان بەرلین و ئەنکەرە تێـکبدات.

بن عەلی یەڵدرم سەرۆک وەزیری تورکیا بەیانی ئەمڕۆ پـێنجشەممە بە کاربەدەسـتانی پارتەکەی لە ئەنکەرە گوت " دەنگدانەکە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە دەبێت بۆ دۆستایی." بەڵام پـێشتر لەم هەفتەیە گوتی وڵاتەکەی لەسەر ئەم مەسەلەیە ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا تێکنادات سەبارەت بە سنووردانان بۆ کۆچبەری نایاسایی بەرەو ئەوروپا.

جێی ئاماژەیە مێژووناسان مەزەندە دەکەن نزیکەی 1.5 ملیۆن ئەرمەنی بە دەسـتی عوسمانیـیەکان کوژرابن لە دەمی شەڕی جیهانی یەکەم لە نێوان هەردوو ساڵی 1915 و 1916 . هەروەها زۆرێـک لە شارەزایان بە جینۆسایدی سەدەی 20 ناودێری دەکەن.

بەڵام تورکیا ئەوە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت ئەو کوژراوانە قوربانی شەڕی ناوخۆ و بێ سەروبەری ئەو سەردەمە بوون و ژمارەی کوژراوەکانیش لەوە کەمترە کە باسی لێوە دەکەن.

XS
SM
MD
LG