Accessibility links

سێ سەربازی ئەرمینیا لەمیانەی شەڕ و پێکدادانەکان لەگەڵ هێزەکانی ئازەربایجاندا کوژران


وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا وتی لەمیانەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئەرمینیا و هێزەکانی ئازەربایجاندا لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە سێ سەربازی ئەرمینیا کوژراون و دوو سەربازی دیکە برینداربوون.

لەلایەکی دیکەشەوە وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان وتی دوو سەربازی هێزەکانیان برینداربوون.

هەردوو وڵاتەکە یەکترییان تۆمەتبارکرد لەسەر دەستپێشخەریکردن بۆ شەڕەکە، ئازەربایجان وتی هێزەکانی ئەرمینیا تەقەیان لە شوێنەکانیان کردووە لە بەشی کالباجاری سنوورەکە، لەکاتێکدا سوپای ئەرمینیا وتی هێزەکانی ئازەربایجان هێرشیان کردۆتە سەر سەربازەکانیان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئازەربایجان بە ئەنقەست گرژییەکانیان دەستپێکردووە." لەبەرامبەریشدا وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان وتی " بەرپرسیارێتی زیادکردنی گرژییەکان لەسەر سنووری نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان بەتەواوەتی دەکەوێتە سەر ئەستۆی سەرکردایەتی سیاسەتی سەربازی ئەرمینیا."

لە مانگی پێنجەوە گرژییەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دەستیپێکردۆتەوە، وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان داوای لە ئەرمینیا کرد " گرژییە سەربازییەکان ڕابگرن و دەست بکەن بە گفتوگۆکان لەسەر دەستنیشانکردنی سنوورەکانی دوو وڵاتەکە."

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا بەڵێنیدا " سەرجەم هۆکارە سەربازی و سیاسییەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان بەکاربهێنێت، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ بەکارهێنانی هێز دژی سەروەری خاکی ئەرمینیا لەلایەن ئازەربایجانەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG