Accessibility links

ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر ئاگربەست ڕێکدەکەون


وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا ڕایگەیاند ئەرمینیا و ئازەربایجان ڕێکەوتوون لەسەر وەستاندنی شەڕ لەسەر سنووری نێوانیان، ئەمەش دوای ئەوەی ڕوسیا داوای لێکردن ڕووبەڕووبوونەوەکەیان ڕابگرن.

ئەرمینیا داوای لە ڕوسیا کرد یارمەتی بدات لە بەرگریکردن لە خۆیدا، ئەمەش دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر ناگۆرنۆ کاراباخ کە 44 ڕۆژی خایاند بووە هۆی کوژرانی لانی کەم 6,500 کەس.

دوای ئەوەی ڕوسیا کە بنکەی سەربازی لە ئەرمینیا هەیە، نێوەندگریکرد لە ڕێکەوتنێکی ئاشتیدا و نزیکەی 2000 سەربازی ئاشتی پارێزی لە ناوچەکەدا بڵاوکردەوە، شەڕ و پێکدادانەکان وەستان.

وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا وتی " بەپێی ئەو ڕێکەوتنەی کە ڕوسیا نێوەنگری تێدا کردووە، شەڕ و پێکدادانەکان لە کەرتی ڕۆژهەڵاتی سنووری نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان ڕاگیرا، بارودۆخەکەش جێگیر بووەتەوە."

کرێملن وتی لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن و سەرۆک وەزیری ئەرمینیا نیکۆڵ پاشینیان لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونیەوە تاوتوێی بارودۆخەکەی سەر سنوورییان کردووە.

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕوسی وتی وەزیری بەرگری ڕوسیا سێرگەی شوێگۆش لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونیەوە قسەی لەگەڵ وەزیرانی بەرگری ئەرمینیا و ئازەربایجاندا کردووە.

وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا وتی هێزەکانی ڕووبەڕووی تەقەی ئازەربایجان بوونەتەوە و 12 سەربازییان دەستگیرکراون، لەکاتێکدا دوو شوێنی سەربازیی نزیک سنووری ئازەربایجان گیراون.

سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی ئەرمینیا ئێدوارد ئاغاجانیان وتی 15 سەربازی ئەرمەنی کوژراون.

وەزارەتی بەرگری ئازەربایجانیش وتی وەڵامی هێرشێکی هێزەکانی ئەرمینیان داوەتەوە کە بۆردومانی شوێنە سەربازییەکانی ئازەربایجانیان کردووە، وتیشی ئەرکە سەربازییەکەی خۆشی سەرکەوتوو بووە.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا وتی زۆر نیگەران بووە سەبارەت بە خراپبوونی بارودۆخەکە و داوای لە هەردوو وڵاتەکە کردووە ڕێز لە ئاگربەست بگرن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG