Accessibility links

شەڕ و پـێکدادان لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربیجان ڕوودەدات و کوژراو و بریندار هەن


وێنەی ئەرشیف
وێنەی ئەرشیف

ئەرمینیا و ئازربیجان دەڵێن شەڕ و پـێکدادان لە نێوانیان ڕوویداوە و لە ئاکامدا ژمارەیەک سەربازی ئازەری کوژراون و برینداربوون و 2 پـۆلیسی ئەرمەنی برینداربوون.

وەزارەتی بەرگری هەریەکەیان ئەمڕۆ دووشەممە هەواڵی ڕوودانی شەڕەکەیان بڵاوکردەوە و هەریەکەیان ئەوی دیکەیان تۆمەتباردەکات بە دەستدرێژیکردنە سەر خاکەکەی.

وەزارەتی بەرگری ئازەربیجان دەڵێت 4 سەربازی کوژراوە و 5 سەربازی دیکەی برینداربوون. هاوکات لەسەر یوتیوب ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا پـیشان دەدرێت هێرشێکی ئاسمانی دەکرێتە سەر شوێنێک، دەڵێت ئەوە گورزێکە لە بنکەیەکی دوژمن.

وەزارەتی بەرگری ئەرمینیاش دەڵێت ئازەربیجان بە خومپاری 82 ملیمی لە ناوچەی تاووشی داوە و 2 پـۆلیس کە بە ئەرکی خۆیان لەسەر سنوور هەڵدەستان بە سووکی برینداربوون لە ئەنجامی دەستدرێژیـیەکەی ئازەربیجان.

ئەرمینیا و ئازەربیجان کە هەریەکەیان کۆمارێکی یەکێتی سۆڤێت بوو، چەندان ساڵە لە ناکۆکیدان لە پاش جیابوونەوەی هەرێمی ناگۆرنۆ- قەرەباغی زۆرینە ئەرمەن لە ئازەربیجان. ئەم شەڕەی ئێستا لە نێوان ئەم دوو وڵاتە ڕوویداوە لە ناوچەیەک بووە کە نزیکەی 300 کیلۆمەتر لە ناگۆرنۆ- قەرەباغ دورە.

ناگۆرنۆ- قەرەباغ دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوی ناو ئازەربیجان و پاش هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤێت لە ساڵی 1991 سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند و بەهۆیەوە شەڕی خوێناوی لە نێوان ئازەر و ئەرمەنەکان هەڵگیرسا. شەڕەکە لە ساڵی 1994 ڕاگیرا پاش ئەوەی هەموو لایەنەکان بە ئاگربەستێک ڕازیبوون.

XS
SM
MD
LG