Accessibility links

توێژینەوە: لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە ململانێ چەکدارییەکان لە ساڵی 2023 دا لە بەرزترین ئاستدا بوون


بەپێی توێژینەوەیەکی نەرویجی کە ڕۆژی دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، لە دوای کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە، لە ساڵی 2023 دا زیاتر لە هەموو ساڵێکی دیکە زۆرترین ململانێی چەکداریی لە سەرانسەری جیهاندا ڕوویانداوە.

ناوەندی توێژینەوەی ئاشتی ئۆسلۆ دەڵێت ساڵی ڕابردوو 59 ململانێی چەکداریی ڕوویاندا، 28 ململانێیان لە ئەفریکا بوون.

بەڵام ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە ململانێکانییان تێدا ڕوویداوە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2022 دا کەم بووەتەوە. لە ساڵی 2022 دا 39 وڵات ململانێیان تێدا بووە، بەڵام لە ساڵی 2023 دا ژمارەکە کەم بووەتەوە بۆ 34 وڵات.

بەپێی ئەو داتایانەی کە زانکۆی ئوپاسالای سوید کە لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە کۆیکردووەتەوە، ژمارەی گیان لە دەستدانەکان لە ساڵی ڕابردوودا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2022 دا بووەتە نیوە، بە جۆرێک 122,000 کەس لە کۆی ململانێکاندا کوژراون.

بەڵام هێشتا ئەو ژمارەیە لە ساڵی 1989 ەوە تاوەکو ئێستا زۆرترینە، ئەوەش بەهۆی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا و ململانێکەی ئیسڕائیل و حەماس لە غەززەدا.

سیری ئاس ڕوستاردی توێژەری PRIO و نوسەری سەرەکی ڕاپۆرتەکە کە ڕووداوە گرنگەکانی ماوەکانی نێوان 1945-2023 لە خۆدەگرێت وتی " توندوتیژی لە جیهاندا لە دوای جەنگی ساردەوە زیاد لە هەموو کات پێشتر لە بەرزترین ئاستدایە."

وتی " ژمارەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە دیمەنی ململانێکان زۆر ئاڵۆزتر بوون، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کارەکتەری زیاتر هەن لە ململانێکانی ناو هەمان وڵاتدا."

بەپێی PRIO، زیادبوونی ژمارەی ململانێکان ڕەنگە بەشێکی هۆکارەکەی بگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی ڕێکخراوی داعش لە سەرانسەری ئاسیا و ئەفریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لەو گروپانەی کە سەر بە دەوڵەت نین، لەوانەش گروپی پشتیوانی بۆ ئیسلام و موسوڵمانانی سەر بە ئەلقاعیدە.

ڕوستارد وتی " ئەم پەرەسەندنە وادەکات زۆر قورس بێت بۆ کارەکتەرەکانی وەکو ڕێکخراوە مرۆییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ جووڵەکردن لە ناو ناوچەی ململانێکەدا و باشکردنی ژیانی خەڵکانی ئاسایی."

لە کاتێکدا کە ساڵی ڕابردوو ژمارەی گیان لە دەستدانەکان بەهۆی شەڕەوە کەمتر بووەتەوە، بەڵام ژمارەی کوژراوەکان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ململانێکانەوە زیاترە لە هەر سێ ساڵێک لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا.

لە ئەفریکا 28 ململانێی چەکداریی ڕوویانداوە، لە ئاسیا 17 ململانێی چەکداریی، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 10 ململانێی چەکداریی، و لە ئەوروپا سێ ململانێی چەکداریی و لە ئەمەریکاش یەک ململانێی چەکداریی ڕوویانداوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG