Accessibility links

هەژاریی لە ئەرجەنتین بەرزترین ئاستی لە ماوەی 20 ساڵدا تۆمار کردووە


دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆی ئەرجەنتین لە زاری ڕاپۆرتێکی زانکۆی کاثۆلیکی ئەرجەنتینەوە بڵاوییان کردەوە ئاستی هەژاریی لە ئەرجەنتین لە مانگی یەکدا گەیشتووەتە لە سەدا 57.4، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە ماوەی لانیکەم 20 ساڵی ڕابردوودا.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، دابەزاندنی بەهای دراوی پیسۆی وڵاتەکە لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکە خافیێر میلییەوە بە ماوەیەکی کورت دوای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی وڵاتەکە لە مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوودا و بەرزبوونەوەی نرخەکان هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاریی بوون، لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا ئاستی هەژاریی لەو وڵاتەدا لە سەدا 49.5 بووە.

میلی درەنگانێکی ڕۆژی شەممە لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وتی " میراتی ڕاستەقینەی شێوازی کاستێ: شەش ئەرجەنتینی لە کۆی 10 ئەرجەنتینی هەژارن."

میلی کاتێک بوو بە سەرۆکی وڵاتەکە بەڵێنیدا ئابووری وڵاتەکە " بە دۆلار " بکات و زاڵ بێت بەسەر ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی ئابووریدا کە گەیشتبووە لە سەدا 200، هەروەها نەهێشتنی کورتهێنانی دارایی و کۆتایی هێنان بە قازانجەکان بۆ خانەدانە سیاسییەکانی ئەرجەنتین کە میلی بە " کاستێ " ناوییان دەبات.

لە مانگی دوانزەدا حکومەتەکەی چاکسازییەکی گەورەی ئابووری ڕاگەیاند، نرخی دراوی پیسۆی بە ڕێژەی لە سەدا 54 بەرامبەر دۆلار دابەزاند، ئەمەش بووە هۆی ڕووخانی داهاتی ئەرجەنتینییەکان لە کاتێکدا کە نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە.

ئەو ڕێوشوێنانەی دیکە کە میلی لە چاکسازییەکەیدا گرتوونییەتەبەر بریتین لە کەمکردنەوەی کۆمەکییەکانی وزە و گواستنەوە و زیادکردنی باج بە ئامانجی گەیشتن بە هاوسەنگییەکی دارایی.

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە دەستبەجێ ڕاپۆرتەکە ببینێت. زانکۆی کاثۆلیکی ئەرجەنتینیش لێدوانییان لەو بارەیەوە نەداوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG