Accessibility links

دادگایەکی ئەرجەنتین لۆمەی ئێران و حزبوڵا دەکات لەسەر تەقینەوەکەی ساڵی 1994 لە ناوەندێکی جووەکان


دادگای باڵای تاوانی ئەرجەنتین ڕۆژی پێنجشەممە لە گەڕانیدا بە دوای دادپەروەریدا لەسەر کوشندەترین هێرش لە مێژوویدا کە تەقینەوەکەی ساڵی 1994 بوو لە بارەگاکانی ناوەندی کۆمەڵگەی جووەکان، فەرمانی دەرکرد کە ئێران پلانی بۆ هێرشەکە داڕشتووە و گروپی چەکداریی حزبوڵای لوبنان پلانەکەی جێبەجێ کردووە.

فەرمانەکە کە دەست دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس کەوتووە، دەڵێت دادگای تانەدانی ئەرجەنتین ئێران و حزبوڵای هاوپەیمانی بە بەرپرس دادەنێت لە تەقینەوەکەی بۆینس ئایرسدا کە ناوەندێکی کۆمەڵگەیەکی لە ناوبرد، بووە هۆی کوژرانی 85 کەس و برینداربوونی 300 کەسی دیکە، هەروەها بووە هۆی ڕووخاندنی گەورەترین کۆمەڵگەی جوو لە ئەمەریکای لاتیندا. دادگاکە وتی هێرشەکە وەکو تۆڵەیەک بووە لە پاشگەزبوونەوەی ئەرجەنتین لە ڕێککەوتنێکی هاریکاریی ئەتۆمی لەگەڵ تاراندا.

دادگاکەی ئەرجەنتین کە بانگەشەی ڕۆڵی " سیاسیی و ستراتیژیی " ئێران دەکات لە تەقینەوەکەدا، ڕێگەشی خۆشکرد لەبەردەم خێزانەکانی قوربانییەکاندا تاوەکو سکاڵای یاسایی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمار بکەن. لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا، ئێران ئەو هاووڵاتییانەی ڕادەست نەکردووە کە لە ئەرجەنتین تۆمەتبار کراون. مۆڵەتی دەستگیرکردنەکانی پۆلیسی نێودەوڵەتیش نەگەیشتوون بە هیچ جێیەک.

لە فەرمانەکەدا هاتووە دەڵێت " گرنگی پێشێلکردنی مەترسیداریی ئەم مافانەی مرۆڤ بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی هانی ئەرکی دەوڵەت دەدات بۆ دابینکردنی پاراستنی دادوەریی." هەروەها ڕاشیگەیاند تەقاندنەوەی ناوەندی دەستەی یارمەتی هاوبەشی جووەکانی ئەرجەنتین " تاوانە دژ بە مرۆڤایەتی."

دەسەڵاتی دادوەری ئەرجەنتین لە مێژە ئێرانی بە بەرپرس داناوە لەو هێرشە، ئەوەش بووەتە هۆی خراپبوونی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە، بە تایبەتی دوای شکستهێنانی لێکۆڵینەوە هاوبەشەکەیان. ئێران ڕەتی کردووەتەوە دەستی هەبووبێت لەو هێرشەدا.

دادگاکە ئاماژەی بە بەرپرسانی باڵای ئێران و فەرماندەکانی سوپای نیمچە سەربازیی پاسدارانی ئێران کردووە و دەڵێت ئێران وەکو وەڵامێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی سێ گرێبەست لە نێوان دوو وڵاتەکەدا تەقینەوەکەی ئەنجام داوە. گرێبەستەکانیش ئەگەر ئەنجام بدرانایە ئەوا ئێران لە ناوەڕاستی ساڵەکانی هەشتاکاندا دەبووە خاوەنی تەکنەلۆجیای ئەتۆمی. دەرەنجامەکانی دادگاکەش لە ڕاپۆرتە هەواڵگرییە نهێنییەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە.

فەرمانەکەی ڕۆژی پێنجشەممە چەند مانگێکی کەم پێش تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر هێرشە خوێناوییەکەدا دێت. تەنانەت لە کاتێکدا کە دۆسییەکە بە چەق بەستوویی ماوەتەوە، ئەرجەنتین هەمیشە لە ساڵیادی هێرشەکەدا ڕاگەیاندنی گەورەی بڵاوکردووەتەوە. لە ساڵیادی 25 ساڵەی هێرشەکەدا ئەرجەنتین حزبوڵای وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند و سەرمایە داراییەکانی گروپەکەی سڕکرد.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG