Accessibility links

ئەرجەنتین داوا لە ڕووسیا و چین دەکات عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕادەستبکەن


ئەرجەنتین داوای لە ڕووسیا کرد عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکاری عەلی خامەنەئی ڕابەری باڵای ئێرانی ڕادەسـبکات تاوەکو دادگایی بکات لەسەر هێرشێکی تێرۆرستی کە لە ساڵی 1994 لە وڵاتەکەی ئەنجام‌درابوو.

وەزارەتی دەرەوەی ئەرجەنتین پاش نیوەڕۆی پـێنجشەممە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی هەمان داوایان ئاڕاستەی وڵاتی چینیش کردووە کە بڕیارە ویلایەتی ڕۆژی هەینی بگاتە ئەو وڵاتە.

دەزگای دادوەری ئەرجەنتین، ویلایەتی و ژمارەیەک ئێرانی دیکە بەو هێرشە تاوانباردەکات کە لە ساڵی 1994 کرایە سەر ناوەندێـکی جووەکان لە بۆینس ئایرسی پایتەخت و بووە مایەی گیان لەدەستدانی 85 کەس و برینداربوونی 300 کەسی دیکە. لەو سەردەمە ویلایەتی وەزیری دەرەوەی ئێران بوو.

ئەرجەنتین داوای ڕادەستکردنی ویلایەتی کردووە لەسەر بنەمای فەرمانێکی دەسـتگیرکردن کە لە لایەن دادوەر ڕۆدۆلفۆ کانیکۆبا کۆرریالس دەرچووە، ئەوەی بەرپـرسە لە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بەم کەیسە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەرجەنتین دەڵێت چاوەڕوانی وەڵامی دەسەڵاتدارانی ڕووسیان لە چوارچێوەی ڕێکەوتننامەیەکی ڕادەستکردن کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا مۆرکراوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە ساڵی 2011 ئەحمەد وەحیدی کە لەو سەردەمە وەزیری بەرگری ئێران بوو، بە سەردانێک لە پـۆلیڤیا بوو و ئەرجەنتین داوای ڕادەسـتکردنی کرد، بەڵام پـۆلیڤیا تەنیا ماوەی سەردانەکەی کورتکردەوە و ڕادەستی نەکرد، ئەمەش بووە جێی ناڕەزایی ئەرجەنتین و لە بەرامبەردا پـۆلیڤیا داوای لێبوردنی کرد.

XS
SM
MD
LG