Accessibility links

فەرمانی دەسـتگیرکردن بۆ سەرۆکی پـێشووی ئەرجەنتین دەدرێت لەسەر کەیسێکی پەیوەست بە ئێران

  • VOA News

دادگایەکی ئەرجەنتین فەرمانی دەسـتگیرکردنی بۆ سەرۆکی پـێشووی وڵاتەکەیان دەرکرد بە تۆمەتی دروستکردنی کۆسپ لە بەردەم لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بەو هێرشە تێرۆرستیـیەی لە ساڵی 1994 کرایە سەر سەنتەرێکی جوو لە بۆینس ئایرسی پایتەخت.

دادوەر کارلۆس بۆنادیۆ ئەمڕۆ پـێنجشەممە ئەم فەرمانەی دەرکرد و هەروەها فەرمانی دەسـتگیرکردنی بۆ ئێکتۆر تیمێرمان وەزیری دەرەوەی پـێشوو و ژمارەیەک کاربەدەستی دیکەی پێشوو دەرکرد، ئەوانیش هەر لەسەر هەمان تۆمەت.

ئیسرائیل ڕژێمی ئێران تاوانباردەکات بەوەی نەخشەداڕێژەری ئەو هێرشە تێرۆرستیـیە بووە کە بووە مایەی کوژرانی 85 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 300 کەسی دیکە و هەروەها وێرانبوونی سەنتەرەکە.

هەروەها ئەلبێرتۆ نیسمان داواکاری گشتی ئەرجەنتین لە ساڵی 2006 ئەویش حکومەتی ئێرانی تاوانبارکرد و گوتی تاران پـلانەکەی داناوە و حزبوڵڵای لوبنان جێبەجێی کردووە.

کرستینا کریشنەر کە لە نێوان ساڵانی 2007 بۆ 2015 سەرۆکی وڵاتەکە بوو، لە ساڵی 2012 ڕێکەوتنێکی لەگەڵ ئێران کرد تاوەکو لێکۆڵەرەوانی ئەرجەنتینی لە تاران لێکۆڵینەوەکانی خۆیان بکەن لەگەڵ ئەو کاربەدەستە ئێرانیـیانەی گومانیان لێدەکرێت دەستیان لە هێرشەکەدا هەبووبێت.

لە ئێستادا کرستینا کریشنەر ئەندامی ئەنجومەنی سیناتە و پارێزبەندی پەرلەمانی هەیە، بۆیە ناکرێت دەستگیربکرێت هەتا ئەو کاتەی دوو لەسەر سێی ئەنجومەنی سینات بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندیـیەکەی نەدەن.

XS
SM
MD
LG