Accessibility links

ئیماراتی عەرەبی دەڵێت دەبێت چەکدارە حوثیـیەکان یەمەن لە حودەیدە بکشێنەوە


وڵاتی ئیمارات کە بەشێکە لە هەڵمەتی لەشکری بە ڕێبەرایەتی عەرەبستانی سعودیە لە یەمەن، ڕۆژی دووشەممە هۆشداری دا بە سەرهەڵداوە حوثییەکانی یەمەن لە شاری بەندەری حەدیدە بکشێنەوە لە کاتێکدا هێزەکانی حکومەت بە پشتیوانی هاوپەیمانان پێشڕەوی دەکەن.

وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ کاروباری دەرەوە ئەنوەر قەرقاش لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەگەری لە دوبەی ڕایگەیاند "ئۆپەراسیۆنی بەندەری حودەیدە بەردەوام دەبێت مەگەر میلیشاکان خۆیان بەبێ مەرج بکشێنەوە."

ئەو گوتیشی هاوپەیمانێتی عەرەب، کە لە هەفتەی ڕابردوو دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەرکردنی ئەو یاخیبوانەی ئێران پشتیوانیان لێدەکات لەو شارەی سەر دەریای سوور، ڕێگای حودەیدە و سەنعای بە کراوەیی هێشتۆتەوە تا میلیتانە حوسییەکان بکشێنەوە.

قەڕقاش گوتیشی ئەم ئۆپەراسیۆنە بە مەبەستی فشار خستنە سەر حوثییەکانە بۆ ئەوەی بکشێنەوە بەبێ زیان گەیاندن بە خەڵکی سیڤیل.

لە میانەی قسەکانیدا پاش ئەوەی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاگربەست لە یەمەن لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەدا سەرکەوتوو نەبوون، گوتی هێرشەکان بە مەبەستی هاوکاریکردنی شاندی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە دواترین دەرفەتدا بۆ ئەوەی حوثییەکان قایلبکرێن بەبێ مەرج لەو شارە بکشێنەوە و هێچ ڕووبەڕووبونەوەیەک نەبێت.

ناوبراو گوتیشی ئەگەر ئەمە ڕوونەدات دڵنیابن لەوەی ئێمە سوورین لەسەر گەیشتن بە ئامانجەکانمان، ئێستا کاتی وتووێژکردن نییە.

قەرقاش هەروەها ئێرانیشی بەوە تاوانبارکرد کە بەندەری حودەیدە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی بە قاچاخ چەکی پێشکەوتوو بدات بە حوثییەکان لە ناویاندا موشەکی بالستیکیش کە ئەمەش جێگای مەترسییە بۆ عەرەبستانی سعودیە.

ئەو کاربەدەستەی ئیمارات گوتیشی جێ دەستی ئێران لە هەموو شوێنێکەوە دیارە.

XS
SM
MD
LG