Accessibility links

چوار وڵاتە عەرەبیـیەکە وەڵامدانەوەکەی قەتەر بە نەرێنی ناودێردەکەن


هەریەک لە عەرەبستانی سعودیـیە و میسر و ئیمارات و بەحرەین وەڵامدانەوەکەی قەتەر بۆ داواکاریـیەکانیان بە نەرێنی ناودێرکرد.

وەزیرانی دەرەوەی ئەم چوار وڵاتە عەرەبیـیە ئەمڕۆ چوارشەممە پاش کۆبوونەوەیان لە قاهیرە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەمەیان ڕاگەیاند.

سامح شوکری وەزیری دەرەوەی میسر گوتی ئەم وەڵامدانەوە نەرێنیـیەی قەتەر نیشانەی ئەوەیە دۆحە لە مەترسیـیەکانی دۆخەکە ئاگادارنەبووەتەوە. گوتیشی چیتر ناکرێت چاوپـۆشی بکەن لەو ڕۆڵە تێکدەرانەیەی قەتەر دەیبینێت.

هەروەها گوتی دوو کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە بۆ چۆنیەتی کاردانەوەیان لە بەرامبەر هەڵوێستی قەتەر.

وەزیری دەرەوەی میسر کە بەیانـنامەی هاوبەشی چوار وڵاتەکەی ڕاگەیاند، گوتیشی کۆبوونەوەی داهاتوویان لەم بارەیەوە لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین دەبێت.

عادل جوبێر وەزیری دەرەوەی سعودیـیە لای خۆیەوە گوتی بایکۆتکردنی وڵاتەکانیان بۆ قەتەر بەردەوام دەبێت هەتا دۆحە لە سیاسەتەکانی بەردەوام دەبێت. باسی لەوەش کرد هەڵوێستی بە کۆمەڵەیان لە دژی قەتەر لە ئەنجامی ئەو تێرۆرزمەیە کە دووچاری بوونەتەوە.

لە بارەی هەڵوێستی ئێران و تورکیا لە بەرامبەر مەسەلەکە، وەزیری دەرەوەی سعودیـیە گوتی جێی سەرسوڕمان نیـیە ئێران پشـتیوانی قەتەر بکات، چونکە وڵاتی یەکەمە لە تێرۆردا. هیواشی خواست تورکیا بە بێ لایەنی بمێنێتەوە.

شێخ عەبدوڵڵا بن زاید وەزیری دەرەوەی ئیمارات ئەویش گوتی قەتەر گرنگی بە وڵاتە عەرەبیـیەکان نادات هێندەی گرنگی بە تێرۆرزم و توندڕەوی دەدات. گوتیشی هەتا دۆحە ڕێبازی خۆی نەگۆڕێت پەیوەندیـیەکانی لەگەڵ ئاسایی ناکەنەوە.

شێخ خالید بن ئەحمەد ئال خەلیفە وەزیری دەرەوەی بەحرەین ئەویش مەخابنی خۆی بەرامبەر وەڵامدانەوەکەی قەتەر دەربڕی و گوتی بڕیاری هەڵپەساردنی ئەندامێتی قەتەر لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو تەنها لە خودی ئەنجومەنەکە ڕادەگەیەنرێت.

گوتی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆیان بە مەبەستی هەماهەنگی بووە و لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو بڕیاری گونجاو و دوروست دەدرێن.

XS
SM
MD
LG