Accessibility links

مەرجەکانی چوار وڵاتی عەرەب بۆ ئاسایـیکردنەوەی پەیوەندیـیەکانیان لەگەڵ قەتەر ئاشکرادەبن


هەر یەک لە عەرەبستانی سعودیـیە و ئیمارات و بەحرەین و میسر لیستێک داواکاریـیان بۆ قەتەر ناردووە وەک مەرج بۆ ئاسایـیکردنەوەی پەیوەندیـیەکانیان لەگەڵیدا.

سەرچاوەکان دەڵێن کوەیت داواکاریـیەکانی بۆ قەتەر گواستووەتەوە کە لە 13 خاڵ پـێکهاتوون و ماوەی 10 ڕۆژ مۆڵەت بۆ دۆحە دنراوە جێبەجێـیان بکات.

ئەنوەر قرقاش وەزیر دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە لە ئیمارات لەسەر تویتەری خۆی نووسیویەتی قەتەر داواکاریـیەکانی بۆ میدیاکان ئاشکراکردووە بە ئامانجی شکستهێنان بەو هەوڵی ناوبژیوانیـیە.

دەشڵێت دەبێت قەتەر درک بەو ڕاستیە بکات کە چارەسەرکردنی قەیرانەکەی لە ڕێگەی تاران یان بەیروت یان ئەنکەرە یانیش پایتەختی وڵاتانی ڕۆژئاوا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن نیـیە، بەڵکو لە ڕێگەی گەڕاندنەوەی متمانەیە پـێی لە لایەن دراوسێـیەکانیـیەوە.

​بەپـێی میدیاکان، داواکاریـیەکان بریتین لە:

  • نزمکردنەوەی ئاستی پەیوەندی دیپـلۆماسی لەگەڵ ئێران و ئەو کەسانەی سەر بە پاسدارانی ئێرانن دەبێت خاکی قەتەر جێبهێڵن و پەیوەندیـیە ئابوریـیەکانی لەگەڵ ئێران بە شێوەیەک نەبن سزاکانی نێودەوڵەتی و ئەمەریکا بۆ سەر تاران پـێشێل بکات. هەروەها هەموو هاوکاریـیەکی لەشکری و هەواڵگری لەگەڵ ئێراندا ببڕێت.
  • دەستبەجێ ئەو بنکە سەربازیـیەی تورکیا لە قەتەر کە لە ئێستادا قۆناغی دامەزراندندایە، دەبێت دابخرێت و هەموو هاوکاریـیەکی لەشکری لەگەڵ تورکیا لەسەر خاکی قەتەر ڕابگیرێت.
  • دەبێت قەتەر ڕایبگەیەنێت پەیوەندیـیەکانی لەگەڵ هەموو ڕێکخراوە تێرۆرستی و تایفەگەریـیانە ببڕێت و لە لیستی گروپە تێرۆرستیـیەکان دایانبنێت، لە سەروو هەموویانەوە ئیخوان ئەلموسلیمین، داعش، قاعیدە، فەتح ئەلشام (بەرەی نوسرەی جاران).
  • ڕاگرتنی هەموو شێوازەکانی کۆمەکردن بۆ کەسان و قاوارە و ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکانی لە لیستی ئەو چوار وڵاتە عەرەبـیەدان و هەروەها لە لیستەکانی ئەمەریکا و کۆمەڵی نێودەوڵەتی.
  • ڕادەسـتکردنی هەموو ئەو تێرۆرستانەی لە لیستی داواکراواندا هەن لە چوار وڵاتە عەرەبیـیە و ئەمەریکا و کۆمەڵی نێودەوڵەتی و پاشان دەستبگرێت بەسەر سەروەت و سامانیان و هەموو زانیاریـیەک لە بارەیانەوە ڕادەستبکات.
  • داخستنی کەناڵی ئەلجەزیرە و کەناڵەکانی لەگەڵیدان.
  • وازهێنان لە دەسـتێوەردان لە کاروباری ناوخۆی و بەرژەوەندیـیە دەرەوەیـیەکانی چوار وڵاتە عەرەبیـیەکە و چیتر ڕەگەزنامە نەدات بە هاوڵاتیانی ئەو چوار وڵاتە و هەروەها ئەوانەی پـێشتر ڕەگەزنامەی داونەتێ لێـیان وەربگرێتەوە.
  • قەرەبووکردنەوەی ئەو قوربانیانەی کە بەهۆی سیاسەتەکانی قەتەر لەو چوار وڵاتە زیانیان پـێگەیشتووە.
  • دەبێت قەتەر وابەستەبێت بەوەی ببێتە وڵاتێک کە خۆی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و عەرەبدا بگونجێنێت لە ڕووی لەشکری و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئاسایشی، بە شێوەیەک ئاسایشی نەتەوەیی کەنداو و عەرەب بپارێزێت.
  • زانیاری لە بارەی ئەو بەرهەڵستکارانە ڕادەستبکات کە پاڵپشـتی کردوون.
  • داخستنی ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانەی قەتەر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پاڵپشـتیان دەکات.
  • دەبێت جێبەجێکردنی ئەم داواکاریـیانە لە ماوەی 10 ڕۆژدا لە لایەن دۆحەوە قبوڵ بکرێن، ئەگەر نا ئەوا هەڵدەوەشێتەوە.
  • ئەگەربێت و قەتەر بە داواکاریـیەکان قایل ببێت و ڕێکەوتنیان لەسەر بکرێت، ئەوا ئامانج و میکانیزمی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕوون و ئاشکرا دەبن و پاشان لە ماوەی ساڵی یەکەمدا دەبێت هەموو مانگێـک ڕاپـۆرت لەسەر جێبەجێکردنی ئامادەبکرێت و لە دوای ساڵێـک هەموو سێ مانگ ڕاپۆرت لەسەر بدرێت و پاشان بۆ ماوەی 10 ساڵ هەموو ساڵێـک جارێـک ڕاپـۆرتێـک هەبێت.

XS
SM
MD
LG