Accessibility links

ڕێبەرانی عەرەب دەگەنە سعودیـیە بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەیەکی بەپەلە


ڕێبەرانی وڵاتانی عەرەب دەگەنە شاری مەککەی عەرەبستانی سعودیـیە بۆ بەشداریکردن لەو کۆنگرە بە پەلەیەی سەلمان بن عەبدولعەزیز پادشای عەرەبستانی سعودیـیە لە هەفتەی ڕابردوو پـێشنیاری کرد.

کۆنگرەکە بۆ تاووتوێکردنی دوا پـێشهاتەکانی ناوچەکەیە، لەوانە گرژیـیەکان لەگەڵ ئێران و ئەو هێرشەی کرایە سەر چوار کەشتی بازرگانی لە بەندەرێکی ئیمارات و هێرشی حوسیـیەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر دوو وێستگەی نەوت لە سعودیـیە.

لەگەڵ ئەم کۆنگرەیە، کۆنگرەیەکی وڵاتانی هاریکاری کەنداویش بەڕێوەدەچێت تاوەکو پەیامێکی توند بە ئێران بدەن، ئەویش وڵاتەکانیان لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک بەرگری لە خۆیان دەکەن.

هەردوو کۆنگرەکە هێندە بە گرنگ وەرگیراوە تەنانەت قەتەریشی بۆ بانگهێشتکراوە کە لەوەتای ساڵی 2017 وە عەرەبستانی سعودیـیە پەیوەندی دیپـلۆماسی لەگەڵدا بڕیوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی سعودیـیە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی عەبدوڵڵا بن ناسر بن خەلیفە ئال ثانی سەرۆک وەزیری قەتەر گەیشتووەتە شاری جەدە بە مەبەستی بەشداریکردن لە هەردوو کۆنگرە بە پەلەکە.

XS
SM
MD
LG