Accessibility links

ئەنجومەنی هاریکاری عەرەب بە فەرمی حزبوڵڵای لوبنان بە تێرۆرست دادەنێن


ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی وڵاتانی عەرەب بڕیاریان دا حزبوڵڵای لوبنان بە ڕێـکخراوێـکی تێرۆرستی دابنێن و ڕێوشوێنی پـێویست لە بەرامبەری بگرنەبەر.

ئەنجومەنەکە کە شەش وڵاتی عەرەبی ئەندامێتی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی " میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی بە هەموو سەرکردە و بەشەکانیەوە لەگەڵ ئەو ڕێکخراو و دەزگایانەی لێی هەڵقوڵاون ڕێـکخراوی تێرۆرستین."

پاشان دەڵێت "بۆیە بە پـێی یاساکانی نەهێشتنی تێرۆر لە وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو و هەروەها یاسا نێودەوڵەتیـیەکانیش مامەڵیان لەگەڵدا دەکرێت."

عەبدول لەتیف ئەلزەیانی سکرتێری گشتی ئەنجومەنەکە ڕایگەیاند ئەم بڕیارە لە ئەنجامی بەردەوامبوونی دوژمنکاریـیەکانی حزبوڵڵایە لە هەوڵەکانی بۆ ڕاکێشانی گەنجانی وڵاتانی ئەنجومەنەکەیان بۆ ئەنجامدانی کاری تێرۆرستی و بە قاچاغبردنی چەک و تەقەمەنی و نانەوەی فیتنە و هاندان بۆ گێرەشێوێنی و توندوتیژی." دەڵێت ئەمانە پـێشـێلکردنێـکی ڕوون و ئاشکرای سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری وڵاتانە.

هەورەها ئەلزەیانی گوتی ڕەفتارەکانی حزبوڵڵا لە وڵاتانی ئەنجومەنەکەیان و کارە هاندەرەکانی لە هەریەک لە سوریا و یەمەن و عێراق لەگەڵ بنەما و ڕەوشتی مرۆڤایەتی و یاسا نێودەوڵەتیـیەکان ناگونجێن، لەگەڵ ئەوەش هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عەرەب.

جێی ئاماژەیە هەر یەک لە عەرەبسـتانی سعودیـیە و کوەیت و قەتەر و بەحرەین و سەڵتەنەتی عومان و ئیمارات ئەندامی ئەم ئەنجومەنەن کە لە ساڵی 1981 وە دامەزراوە.

XS
SM
MD
LG