Accessibility links

ڕۆژنامەی ئاپڵ دەیلی دیموکراتخواز لە هۆنگ کۆنگ دادەخرێت


ڕۆژنامەی ئاپڵ دەیلی دیموکراتخوازی هۆنگ کۆنگ ڕایگەیاند ڕۆژی پێنجشەممە دوایین ژمارەی ڕۆژنامەکە دەردەچێت، ئەمەش دوای ئەوەی دەسەڵاتداران بە بەکارهێنانی یاسای ئاسایشی نیشتیمانی سەرمایەی ڕۆژنامەکەیان بڕی.

ڕۆژنامەی ئاپڵ دەیلی هەمیشە چقڵێک بووە لەبەردەم چیندا، هەمیشە پشتیوانی لە دیموکراتخوازانی هۆنگ کۆنگ کردووە و ڕەخنەی لە ڕابەرانی چین گرتووە.

ئەم ڕابەرانەش بە ئاشکرا دەیانویست ڕۆژنامەکە دابخرێت و یاسای ئاسایشی نیشتیمانیان بەکارهێنا بۆ داخستنی.

خاوەنی ڕۆژنامەکە جیمی لاو کە لە ئێستادا بەهۆی بەشداریکردنییەوە لە خۆپیشاندانەکاندا لە زینداندایە، یەکەمین کەس بوو ساڵی ڕابردوو بەپێی ئەو یاسایە تۆمەتبار بکرێت.

هەفتەی ڕابردوو پۆلیسی هۆنگ کۆنگ هەڵیانکوتایە سەر ئۆفیسەکانی ڕۆژنامەکە و شەش ئەندامییان دەستگیرکرد و سەرمایەی ڕۆژنامەکەیان بڕی.

ئەم هەنگاوەش وایکرد ڕۆژنامەکە نەتوانێت بەردەوام بێت لە کارەکانی و موچەی کارمەندەکانی بدات.

ڕۆژنامەکە ڕایگەیاند " ئاپڵ دەیلی بڕیاریداوە سبەینێ 24ی مانگی شەش کۆتا ژمارەی دەربچێت و کۆتایی بە کارەکانی دەهێنێت."

جێی ئاماژەیە ساڵی ڕابردوو چین یاسای ئاسایشی نیشتیمانی سەپاند بەسەر هۆنگ کۆنگدا، ئەمەش بەمەبەستی کۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانی دیموکراتخوازەکان.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG