Accessibility links

لە خۆپیشاندانێکی دژ بە کۆچدا لە بەڕیتانیا 15 کەس دەستگیرکران


پۆلیسی ناوخۆی بەڕیتانیا دەڵێت لە خۆپیشاندانێکی دژ بە کۆچ و پەنابەراندا لە دەرەوەی هۆتێلێک کە پەنابەرانی تێدایە و دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای بەڕیتانیاوە 15 کەس دەستگیرکراون، ئەوەش دوای ئەوەی خۆپیشاندانەکە توندوتیژی لێکەوتەوە.

بەشی پۆلیسی مێرسیساید وتی ئەفسەرێکی پۆلیس و دوو هاوڵاتی مەدەنی لە میانەی پشێوییەکدا لە نەوسلی بریندار بوون، نەوسلی گوندێکە 13.5 کم دوورە لە شاری لیڤەرپوڵەوە.

پۆلیس وتی خۆپیشاندەران شتیان تێگرتوون و ڤانێکی پۆلیسییان سوتاندووە. ئەو خۆپیشاندەرانە دەستگیرکراون و تەمەنیان لە نێوان 13 بۆ 54 ساڵدایە، ئەوەش دوابەدوای توندوتیژییەکان.

سەرۆکی پۆلیسی مێرسیساید سێرینا کەنەدی وتی " چەند کەسێک کە هاتوونەتە بەردەم هۆتێلی سویتس نیازییان بووە خۆپیشاندانێکی پلان بۆ داندراو بەکاربهێنن بۆ ئەنجامدانی کارێکی توندوتیژ و قێزەون. بە چەک و چەکوش و یارییە ئاگرینەکانەوە هاتوون تاوەکو کێشە دروست بکەن، ڕەفتارەکانیشیان بوونە هۆی ئەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی و ئەفسەرانی پۆلیس بە سەختی بریندار ببن."

کەنەدی وتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەوترێت هۆکاری خۆپیشاندانەکانی بەردەم هۆتێلەکە ئەوە بووە کە پیاوێک لە شارۆچکەیەکی نزیکی گوندەکە بە شێوەیەکی نادروست لە کچێکی هەرزەکار نزیک بۆتەوە. پیاوەکە لە بیستەکانیدا بووە و ڕۆژی پێنجشەممە لە شوێنێکی دیکەی وڵاتەکە دەستگیرکراوە، بەڵام دواتر لەسەر ڕاوێژی دەزگاکانی پاراستنی منداڵان ئازاد کرا.

جێی ئاماژەیە بەڕیتانیا ژمارەیەکی کەمتر لە پەنابەران وەردەگرێت بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەوروپی وەکو فەڕەنسا و ئەڵمانیادا، بەڵام ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە کەناڵی ئینگلیزەوە بە بەلەمی بچووک دەپەڕنەوە بۆ بەڕیتانیا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادییکردووە.

لە ساڵی 2022 دا زیاتر لە 45,000 کۆچبەر لەو ڕێگەیەوە گەیشتوونەتە بەڕیتانیا، زۆرێکیان داوای پەنابەرێتییان کردووە. بەڵام سیستمی ڕەچاوکردنی داواکانی کۆچبەران بۆ مافی پەنابەرێتی بەهۆی گێژاوی سیاسیی و دواکەوتنی بیرۆکراتییەوە بە شێوەیەکی بەرچاو خاو بۆتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە کۆچبەران لە هۆتێل و شوێنە کاتییەکاندا گیر بخۆن.

پەڕینەوە بە کەناڵی ئینگلیزدا بووەتە بابەتێکی گەرمی سیاسیی لە بەڕیتانیادا، پارتی پارێزگارانی بەڕیتانیا کە فەرمانڕەوایی وڵاتەکە دەکەن بەڵێنییان داوە " بەلەمەکان ڕابگرن." پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن حکومەتییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ناشرین کردن یاخود بە خراپ سەیرکردنی ئەو خەڵکانەی کە لە دەست جەنگ و هەژاری لە وڵاتانی خۆیان هەڵاتوون.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG