Accessibility links

ئیتالیا پشـتڕاستی دەکاتەوە ئەوەی کوشتویەتی هێرشبەری سەر بازاڕەکەی بەرلین بووە

  • VOA News

وەزیری ناوخۆی ئیتالیا دەڵێت ئەو کەسەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی پـۆلیسی وڵاتەکەی لە قەراغ شاری میلانۆ کوشتویەتی، ئەنجامدەری هێرشی سەر بازاڕەکەی شاری بەرلینی ئەڵمانیا بووە.

مارکۆ مینیتی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی هیچ گومانی لەسەر نیـیە ئەوەی کوژراوە ئەنیس ئەلعامریـیە، ئەوەی شەوی دووشەممە بە ئۆتۆمبیلێـکی بارهەڵگر دەیان کەسی لە بازاڕێـکی بەرلین کرد بە ژێرەوە و لە ئاکامدا 12 کەس گیانیان لەدەسـتدا و 48 کەسی دیکە برینداربوون.

بەپـێی کاربەدەسـتانی ئاسایشی ئیتالیا لە دەوروبەری کاژمێر 3 ی بەرەبەیان پـۆلیس لە پشـکنینێـکی ئاسایی لە نزیک وێستگەی شەمەندەفەری سان جیوفانی دەستیان لە ئۆتۆمبیلێـک ڕاگرتووە و داوای ناسنامەکەیان لێکردبوو و ئەویش بە هێمنی دەسـتی بردووە بۆ جانتا پشـتەکەی پـێـیبووە و دەمانچەکەی دەرهێناوە و کەوتووەتە تەقەکردن لە پـۆلیسەکان و پـۆلیسەکانیش تەقەیان لێکردووەتەوە و کوشتوویانە. هەروەها پـۆلیسێـکیش گولـلەیەک بەر شانی کەوتووە، بەڵام برینەکەی مەترسیدار نیـیە.

جێی ئاماژەیە ئەنیس ئەلعامری لە ساڵی 2011 بە قاچاغی گەیشتووەتە ئیتالیا بە مەبەستی داوای مافی پەنابەری، بەڵام پاش ماوەیەکی کورت لە گەیشتنی ئاگری بەرداوەتە کەمپـێـکی پەنابەران و لەسەری زیندانی کراوە هەتا ساڵی 2015 ، پاش ئازادکردنی بەرەو ئەڵمانیا ڕۆیشتووە.

پـۆلیسی ئیتالیا مۆر پەنجەی ئەنیسی هەبووە، بۆیە توانی دەسـتبەجێ کوژرانەکەی پشـتڕاستبکاتەوە.

XS
SM
MD
LG