Accessibility links

ڕێکخراوی ئەمنستی خەڵاتی خۆی لە ئونگ سان سوچی دەسەنێتەوە


ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی Amnesty International بڕیاری دا ئەو خەڵاتەی لە ساڵی 2009 بە ئونگ سان سوچی دابوو لە بەرامبەر هەوڵەکانی بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ، لێی بستێنێتەوە.

کومی نایدۆ سکرتێری گشتی ڕێکخراوی ئەمنستی لە ڕۆژی یەکشەممە نامەیەکی ئاڕاستەی خانم ئونگ سان سوچی کرد و تیایدا مەخابنی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر بێ هەڵوێستی لە ئاست ئەو تاوانانەی لەشکری میانمار کردوونی دژی ڕوهینگیاکان و کەمینەکانی دیکە لە هەردوو هەرێمی کاشین و شان.

پاشان نووسیویەتی" بەو پـێـیەی باڵیۆزی ویژدانی ئەمنستین چاوەڕێمان دەکرد بەردەوامبن لە بەکارهێنانی ئەو پـێگەیەتان بۆ وەستان لە دژی ستەمکاری لە هەر شوێنێک بەدی بکەن، وە بە تایبەتی لە ناو خودی میانماردا."

سکرتێری ئەمنستی لە درێژەی نامەکەی بۆ سان سوچی، ڕەخنەشی لێگرت کە لەوەتای لە مانگی چواری ساڵی 2016 لە پـۆستی سەرۆکی حکومەتی میانماردایە هیچ کارێکی نەکردووە بۆ هەموارکردنی یاسا سەرکوتکاریـیەکانی وڵاتەکەی، بەڵکو چالاکانەش لە لایەن حکومەتەکەیەوە بەکارهێنراون لە دژی ئازادی ڕادەربڕین و دەسـتگیرکردنی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی ئاشتیخواز.

کومی نایدۆ لە کۆتایی نامەکەی نووسیویەتی لە 13 مانگەوە بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنین خەڵاتی باڵیۆزی ویژدانتان لێدەسێنینەوە.

ڕێکخراوی ئەمنستی ڕاپـۆرتێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باس لە ڕەوشی ڕۆهینگیاکان لە میانمار دەکات و دەڵێت لە ساڵی ڕابردووەوە هەڵمەتێک لە دژی ڕۆهینگیاکان ئەنجامدراوە و هێزەکانی ئاسایشی میانمار هەزاران کەسیان لێکوشتوون و جگە لەوە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر کچ و ژنانیان و گەنج و پـیاوانیان دەسـتگیرکردوون و ئەشکەنجەیان داون و بە سەدان ماڵ و گوندی ڕۆهینگیاکان بە تەواوی وێرانکراون و زیاتر لە 720 هەزار کەسیان بەرەو بەنگلادیش هەڵهاتوون.

XS
SM
MD
LG