له ڕاپۆرته‌که‌ی ئه‌منیستی ئینته‌رناشناڵدا هاتووه ده‌یان هه‌زار خه‌ڵکی گیراو له عێراق هه‌ن و له زیندانه‌کاندا هێڵراونه‌ته‌وه به‌بێ دادگایی‌کردن. ئه‌م گیراوانه له‌ژێرمه‌ترسیه‌کانی ئه‌شکه‌نجه‌دان و جۆره‌کانی تری به‌دڕه‌فتاریکردندان.
ئه‌منیستی ئینته‌رناشناڵ ده‌ڵێت هێزه ئاسایشیه‌کانی عێراق به‌رپرسن له‌و پێشێلکاریانه‌ی ده‌کرێن به‌رامبه‌ر گیراوه‌کان.
زۆربه‌ی ئه‌و گیراوانه‌ی عێراق له‌وانه‌ن له‌لایه‌ن له‌شکری وڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکاوه ڕاده‌ستی عێراقیه‌کان کراون. زانیاری هه‌ن له‌سه‌ر مردنی ژماره‌یه‌ک گیراو له عێراق له نێو زیندانه‌کاندا و وه‌ک پێده‌چێت به‌هۆی خراپی ڕه‌فتارکردن و ئه‌شکه‌نجه دانه‌وه بووبێت به‌ده‌ستی لێکۆڵه‌ره‌وه عێراقیه‌کان و پاسه‌وانه‌کانی زیندانه‌کانه‌وه ، که وه‌ک بارێکی ئاسایی شوێنی گیراوه‌کان بۆ که‌س ئاشکرا ناکه‌ن و یانیش ته‌نانه‌ت نکوڵی ده‌که‌ن له‌به‌رده‌م که‌س و کاری گیراوه‌کاندا له‌وه‌ی که‌سیان گرتبێت.
دکتۆر عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌لمه‌شهه‌دانی، سه‌رۆکی ڕێکخراوی حاموڕابی بۆ داکۆکی کردن له مافه‌کانی مرۆڤ و دیموکراسی له عێراق، ده‌ڵێت ئه‌و ئه‌شکه‌نجه‌دانانه‌ی له ئێستادا له عێراق ده‌کرێن و ئه‌و پێشێلکاریانه‌ی باس ده‌کرێن، له گرتوخانه‌کانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقدا ڕووده‌ده‌ن. وه ده‌شڵێت مه‌سه‌له‌ی ئه‌شکه‌نجه‌دان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شێوازه‌کانی لێکۆڵینه‌وه کردن که هه‌مان ئه‌و شێوازه‌یه یان خراپتریش له‌وه‌ی ڕژێمی پێش‌و به‌کاری ده‌هێنا وه ده‌شڵێت ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوون یان لاوازیی ئه‌زمونی لێکۆڵینه‌وه کردن و که‌م وکوڕی له به‌ڕێوه‌چونی لێکۆڵینه‌وه‌کاندا.
له ڕاپۆرته‌که‌ی ئه‌منیستی ئینته‌رناشناڵدا ئاماژه‌ش به‌وه کراوه ، هێشتاش زیندانی نهێنی له عێراق هه‌ن و ئه‌وانه‌ی له‌و زیندانانه‌دا گیراون له‌سه‌ر بنچینه‌ی زانیاری سه‌رچاوه‌ی تایبه‌ت بووه.
دکتۆر عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌لمه‌شهه‌دانی ده‌ڵێت زیندانه نهێنیه‌کان ئه‌وانه‌ن که سه‌ر به وازاره‌تی به‌رگری عێراقن و کاتێ یه‌که‌یه‌کی ئه‌م وه‌زاره‌ته که‌سێک ده‌ستگیر ده‌کات ، بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر ده‌یهێڵێته‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌ی به‌رایی له‌گه‌ڵدا ده‌کات، که ئه‌م جۆره کارانه وه‌ک دکتۆر مه‌شهه‌دانی ده‌ڵێت له ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی به‌رگریدا نییه چونکه نه دادوه‌ریان هه‌یه و نه دادپارێزیس.
له‌سه‌ر بنچینه‌ی گفت و گۆکه‌ی له‌گه‌ڵ دکتۆر عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌لمه‌شهه‌دانی، سه‌رۆکی ڕێکخراوی حاموڕابی بۆ داکۆکی کردن له مافه‌کانی مرۆڤ و دیموکراسی له عێراق، هاوکارمان به‌ڵێن ساڵح ئه‌م ڕاپۆرته‌ی ئاماده‌کردوه.