ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی " ئامنستی " ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکرانیا، دەڵێت هێرشەکانی سەر خارکیڤ کە زۆرێکیان بۆمبی کڵەستەرییان تێدا بەکارهاتووە و بوونەتە هۆی کوژرانی سەدان هاوڵاتی مەدەنی.
ئامنستی لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە خارکیڤی دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیا وتی " هەواڵی بۆردومانکردنی گەڕەکەکانی دانیشتوان لە خارکیڤ هێرشێکن کە بەبێ جیاوازیکردن ئەنجامدراون و سەدان هاوڵاتی مەدەنییان کوشتووە و بریندار کردووە، ئەوەش بە تاوانی جەنگ دادەنرێت."
وتیشی " ئەمە بۆ هێرشە ئاسمانییەکان و ئەو هێرشانەی دیکەش ڕاستە کە موشەکی کوێرانە یاخود تۆپهاوێژەکان کوێرانە بۆردومانیان کردووە."
وتی " بەردەوامبوونی بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکە ناڕێکانە لە ناوچەکانی دانیشتواندا و لەگەڵ ئەوەشدا کە زانراوە ئەو جۆرە چەکانە بوونەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی مەدەنی، ڕەنگە بگاتە ئاستی ئەوەی هێرشەکان ڕاستەوخۆ دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجام درابێتن."
ئامنستی لە خارکیڤ بەڵگەی دۆزیوەتەوە لەسەر ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا چەند جارێک بۆمبی کڵەستەری 9ئێن210 و 9ئێن235 و مینی زەمینی پەرش و بڵاوییان بەکارهێناوە، هەموو ئەوانە بەپێی ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان قەدەغە کراون."
بۆمبی کڵەستەر دەیان بۆمبی بچووک یاخود نارنجۆک لە ئاسماندا دەردەکات و دەیڕژێنێت بەسەر خاکێکی بەرفراواندا.
ئامنستی لە ڕاپۆرتەکەیدا باس لە وردەکارییەکان دەکات لەسەر ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا چۆن لە یەکەم ڕۆژی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا دەستیان کردووە بە کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە شاری خارکیڤ.
بۆردومانە " بێ وەستانەکان " بۆ دوو مانگ بەردەوام بوون شارە 1.5 ملیۆن دانیشتووەکەی وێران کرد.
ڕاوێژکاری باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لە ڕێکخراوی ئامنستی دۆناتێلا ڕۆڤێرا وتی " خەڵکەکە لە ماڵەکانی خۆیاندا کوژران، لەسەر شەقامەکان کوژران، لە شوێنەکانی یاریکردن و گۆڕستانەکان کوژران."
وتیشی " بەکارهێنانی بەردەوامی چەکە قەدەغەکراوەکان توشی سەرسوڕمانت دەکات و ئاماژەیەکی دیکەیە لەسەر بایەخ نەدان بە ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی."
بەڕێوبەرایەتی سەربازیی خارکیڤ بە ئامنستی وت لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەوە 666 هاوڵاتی مەدەنی لە خارکیڤ کوژراون و 1,248 کەسی دیکە برینداربوون.
جێی ئاماژەیە ڕووسیا و ئۆکرانیا لایەن نین لەو ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەدا کە بەکارهێنانی چەکی کڵەستەر و مین قەدەغە دەکات.
بەڵام ئامنستی جەختی لەوە کردەوە " یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان ئەو جۆرە هێرشانە قەدەغە دەکەن کە بەبێ جیاوازیکردن ئەنجام دەدرێن، هەروەها بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکانەش قەدەغە دەکەن کە سروشتی چەکەکان خۆیان بەشێوەیەکە کە بەبێ جیاوازیکردن لەنێوان هاوڵاتیانی مەدەنی و ئامانجە سەربازییەکان بەکاردەهێنرێن. "
ئامنستی دەڵێت " ئەنجامدانی هێرش بەبێ جیاوازیکردن و کوشتن و بریندارکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی یاخود زیان گەیاندن بە موڵکی هاوڵاتیانی مەدەنی، تاوانی جەنگن."
یەکێک لەو شایەتحاڵانەی کە ئامنستی قسەی لەگەڵدا کردووە لە نەخۆشی شێرپەنجە ڕزگاری بووە، بەڵام بەهۆی بۆمبێکی کڵەستەرەوە هەردوو قاچی لەدەستداوە.
ئۆلینا سۆرۆکینای تەمەن 57 ساڵ لە دەرەوەی بیناکەی بووە کاتێک پارچەیەک بەریکەوتووە. دەستبەجێ قاچێکی لەدەستداوە و دواتر دەبووایە قاچەکەی دیکەشی ببڕنەوە.
دراوسێیەکی لەو شوێنەدا کە لەگەڵیدا بووە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. کچی دراوسێکەشی وتی پارچەکان بیناکەیان بڕیوە.
ئۆلینا وتی " تەنانەت ئەگەر دایکیشی لە ماڵەوە بووایە پارچەکەی بەردەکەوت. هیچ دەرفەتێکی ڕزگاربوونی نەبوو لەو جۆرە بۆردومانە."
ئامنستی لێکۆڵینەوەی لە 41 هێرشی ڕووسیا کردووە کە بوونەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 62 کەس و برینداربوونی لانی کەم 196 کەسی دیکە. هەروەها لە ماوەی دوو هەفتەدا لە مانگی چوار و پێنجدا قسەی لەگەڵ 160 کەسدا کردووە، لەنێویشیاندا ڕزگاربووان و کەسوکاری قوربانیان و شایەتحاڵەکان و پزیشکەکانی تێدا بووە.
ئۆکرانیا دەڵێت لە سەرەتای جەنگەکەوە زیاتر لە 12,000 لیکۆڵینەوەی سەبارەت بە تاوانەکانی جەنگ دەستپێکردووە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا
ئامنستی ڕووسیا بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکرانیا تۆمەتبار دەکات
