هاوڵاتیانى تەلەعفەر لە خۆپیشاندانێکدا داواى گۆڕین و سزادانى بەرپرسانى ئاسایشى شارەکە دەکەن و قایمقامى شارەکەش هۆشدارى تەقینەوەى زیاترى بارودۆخى ئاسایشى شارەکە دەدات.
بەهۆى تێکچوونى ڕەوشى ئاسایشى شارەکەیان بە سەدان لە هاوڵاتیانى شارۆچکەى تەلەعفەرى رۆژئاواى موسڵ رژانە سەر شەقام و لە خۆپیشاندانێکى توڕە ئامێزدا داواى لابردن و سزادانى هەر یەکە لە فەرماندەى لیواى 10ى سوپا و سەرۆکى پـۆلیس و سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و فەرماندەى فەوجەکان و سەرجەم بەرپرسانى کەم تەرخەم لەو بوارەدا کرا. خۆپـیشاندانەکە لە لایەن ئەنجومەنى عەشائیرى کە پـێک دێت لە هەردوو ئاینزاى شیعە و سوننە رێکخرابوو. هێزە ئاسایشیـیەکان بەوە تاوانبارکرا کەوا چاوپۆشى لە جموجۆل و کردەوە تێرۆرستیەکان دەکەن.
دکتۆر عەبدولعال عەباس قایمقامى قەزاى تەلەعفەر بۆ دەنگى ئەمهریکای گوت لە دەسەڵاتى ئێمەدا نیـیە ئەو بەرپرسانە بگۆڕین، بەڵام ئێمە داواکاریـیەکانمان بۆ لایەنى پەیوەندیدار بەرز کردۆتەوە و دەشڵێت ئێمە پشتگیرى لەو داواکاریـیانە دەکەین و ئاماژە بەوەش دەکات بارودۆخى ئاسایشى لە تەلەعفەر زۆر ئاڵۆز بووە، بۆیه پـێـویستە بەرپرسانى ئاسایشى لە حکومەتى بەغدا تەدەخول بکەین پـێش ئەوەى بارودۆخەکە لەمە زیاتر بتەقێتەوە.
دهتوانن گوێبیسـتی دهقی ڕاپـۆرتهكه بن له ڕێـگهی كلیـكـكردنی ئهو فایله دهنـگیـیانهی سهرهوهی دهسته چهپ، ماوهكهی 4:09 خولهكه.