بەهۆى ناکۆکى لەگەڵ حکومەتى خۆجێى موسڵ دوو سەرکردەى سەربازى پایه بهرز لەو پارێزگایه دور خرانەوە.
کێشەکانی نێوان سەرکردە سەربازیـیەکان و حکومەتى خۆجێى لە موسڵ، وەزارەتى بەرگرى عێراقى ناچارکرد هەردوو سەرکردەى عەمەلیات و فرقەى دووى سوپاى عیراق لە موسڵەوە بۆ بەغدا بگوێزرێنهوه.
ناکۆکى نێوان ئیدارەى موسڵ و سەرکردە سەربازیـیەکان تازە نییە بەڵکو بۆ نزیکەى دوو ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە. لە ماوەى ئەم دوو ساڵە هەردوو لایەن بەردەوام دژایەتى یەکتریـیان دەکرد و هیچ جۆرە پەیوەندیەک لە نێویاندا نەبووە. لە مانگى سێى ئەم ساڵ و دواى ئەوەى بەشێک لە سەربازانى ئەو سوپایە پەلامارى ئەنجومەنى پارێزگایان دا و بەشێک لە باڵهخانەى ئەنجومەنیان سوتاند کێشەکان قوڵتر بوون، بەلام ئەوەى لەمانە زیاتر کێشەکەى تەقاندەوە هەوڵى تیرۆرکردنى ئەسیل نوجەیفى پارێزگارى موسڵ بوو کە رۆژى هەینى رابردوو لە لایەن چەند سەربازێکى سەر بە فرقەى دووى سوپاى عیراق تەقەى لێکرا کە بەهۆیەوە پاسەوانێکى تایبەتى بە سەختى برینداربوو . ئەم کێشانە شاندێکى باڵاى وەزارەتى بەرگرى عێراقى گەیاندە شارەکە و لە ئەنجامدا بڕیار درا هەریەکە لە فەریق ڕوکن حەسەن کەریم خدر سەرۆکى عەمەلیات و لیوا ڕوکن ناسر غەنام فەرماندەى فرقەى دووى سوپا لە پۆستەکانیان دوور بخرێنەوەو گواسترانەوە بۆ بەغدا.
بە ڕاى شیکەرەوان ئەم ناکۆکیانە کاریگەرى زۆریان کردۆتە سەر ڕەوشى ئاسایش و خزمەتگوزارى شارەکە بە شێوەیەک ئەو سەرکردانە ئەوەندەى سەرقاڵى ململانێن ئەوەندە کاریان نەکردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆر و خزمەتکردنى هاوڵاتیان.
رۆژنامەوان دلۆڤان بەروارى به دەنگى ئەمهریکا گوت ئەو ناکۆکیانە سیاسى بوون نەک سەربازى و ئیدارى بە جۆرێک هەریەکە لەوانه کاریان بۆ ئەجنداى حزب و ئاینزاکانیان دەکرد.
سەعید مەمۆزینى ئەندامى لقى 14ى پارتى دیموکراتى کوردستانیش پـێیوانییە ئەو گۆڕانکاریانەى کە لە سەرکردە سەربازیەکان کراوە کاریگەرى ئەوەتۆیان لەسەر ڕەوشى شارەکە هەبێت بە ئاڕاستەى باشتربوون.
دهتوانن گوێبیسـتی دهقی ڕاپـۆرتهكه بن له ڕێـگهی كلیـكـكردنی ئهو فایله دهنـگیـیانهی سهرهوهی دهسته چهپ، ماوهكهی 4:13 خولهكه.