Accessibility links

ژمارەى ئاوارە سوریـیەکان لە سنوورى پارێزگاى موسڵ گەیشتە 5 هەزار کەس


ڕۆژ لە دواى ڕۆژ ژمارەى ئاوارە سوریـیەکان، ئەوانەى بەهۆى توندوتیژیەکانى نێو ئەو وڵاتەوە ڕوو لە عێراق دەکەن ڕوو لە زیادبوون دەکات و تەنها ئەوانەى ڕوویان لە سنوورى پارێزگاى نەینه‌وا کردووە ژمارەیان گەیشتووه‌تە 5 هەزار کەس و داواش لە حکومەتى عێراق دەکرێت هاوکاریان بکات.

پێش چەند ڕۆژێک حەمید باڤى ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە لیستى هاوپەیمانى کوردستانى ئاشکراى کرد کەوا ژمارەى ئاوارە سوریـیەکان تەنها لە سنوورى پارێزگاى نەینه‌وا گەیشتە 5 هەزار کەس و ڕایگەیاند ئەوان لە سەرەتاترین پێداویستیەکانى ژیانى ڕۆژانە بێبەشن هەروەک داواى لە پەرلەمان و حکومەتى عێراق کرد هاوکارى بە پەلەیان بکات .

لاى خۆیەوە دیندار دۆسکى وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراقى لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگى ئەمه‌ریکا گوتى وەزارەتەکەى ئەوان ناتوانێت ڕاستەوخۆ یارمەتى ئەو ئاوارانە بدات، چونکە ئاوارەى ڕەسمى نین و لە وەزارەتەکەیان تۆمار نەکراون .

لاى خۆشیەوە فەلاح ئەیوب سەرۆکى کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقى لقى موسڵ بۆ دەنگى ئەمه‌ریکا گوتى ئێمە توانیومانە کامپـێک لە ناوچەى ڕەبیعەى سنوورى سوریا لەگەڵ موسڵ بۆ ئەو ئاوارانە دروست بکەین، بەڵام دەڵێت ئەوان پێویستیان زۆر لەوە زیاترە، چونکە ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ ژمارەیان زیاتر دەبێت و دەشڵێت حکومەتى عێراق زۆر کەم‌تەرخەم بووە لە ئاست هاوکاریکردنى ئەو ئاوارانە.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی ڕاپـۆرته‌كه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ‌، ماوه‌كه‌ی 3 خوله‌كه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG