Accessibility links

ئێزدییەکان بە ڕابەرایەتی نادیە موڕاد سکاڵا لەسەر کۆمپانیایەکی فەڕەنسی تۆمار دەکەن لەسەر پشتیوانیکردنی لە داعش


سەدان ئێزدیی دانیشتووی ئەمەریکا بە ڕابەرایەتی نادیە موڕادی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی سکاڵایەکی یاساییان دژی کۆمپانیای دروستکردنی چیمەنتۆی فەڕەنسی لافارژ تۆمار کردووە و کۆمپانیاکەیان بە تۆمەتی دابینکردنی پشتیوانی ماددی بۆ هەڵمەتە توندوتیژییەکەی ڕێکخراوی داعش لە عێراق و سوریا تۆمەتبار کردووە.

ئێزدییەکان کە لەلایەن پارێزەری مافەکانی مرۆڤ ئەمەل کلوونی و دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمەریکا لی والۆوسکییەوە نوێنەرایەتی دەکرێن، سەرجەمییان هاووڵاتی ئەمەریکایین و خێزانەکانیشیان ڕزگاربووانی دەستی توندوتیژییەکانی داعشن کاتێک چەکدارانی داعش هێرشییان کردە سەر ناوچەکەیان لە شنگالی باکووری عێراق لە ساڵی 2014 دا.

بەپێی سکاڵا یاساییەکە، کە لە دادگای فیدڕاڵی نیویۆرک تۆمار کراوە، لافارژ "یارمەتی و هاوکاری کردەوە تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکانی داعشی کردووە و لەگەڵ داعش و لایەنگرەکانیدا دەستی تێکەڵ کردووە و دەبێت قەرەبووی ڕزگاربووان بکاتەوە."

لە مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا کۆمپانیای لافارژ لە دادگایەکی ئەمەریکادا دانی بەوەدا نا کە پارەی داوە بەو گروپانەی کە ئەمەریکا بە تیرۆریست ناساندوونی، بە ڕێکخراوی داعشیشەوە، ئەوەش لە پێناو ئەوەی کۆمپانیاکە بتوانێت بەردەوام بێت لە کارەکانی لە سوریادا. لافارژ کە لە ساڵی 2015 دا بووە بەشێک لە کۆمپانییا هۆلسیمی سویسری، ڕازیبوو لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا 778 ملیۆن غەرامە بدات.

ئەمەل کلوونی پارێزەری ئێزدییەکان لە ئەمەریکا، وتی " ئەوە تووشی سەرسوڕمانت دەکات کاتێک کۆمپانیایەکی پێشەنگی جیهانی دەست لە ناو دەست لەگەڵ داعشدا کاری کردووە لە کاتێکدا کە داعش هاووڵاتییانی سڤیلی ئەمەریکایی دەکوشت و کۆمەڵکوژی دژی ئێزدییەکان ئەنجام دەدا."

ساڵی ڕابردوو کاتێک لافارژ لە دادگاکەی ئەمەریکادا دانی بە تاوانەکەیدا نا، کۆمپانیای هۆلسیم لە بەیاننامەیەکدا وتی هیچ کام لەو کارانەی لافارژ کە لەو کاتەدا ئەنجامی داون پەیوەندییان بە هۆلسیمەوە نەبووە، هۆلسیم " هەرگیز لە سوریا کاری نەکردووە، ئەوە بە تەواوەتی پێچەوانەی ئەو بەهایانەیە کە هۆلسیم پەیڕەوییان دەکات."

لە ساڵی 2016 دا ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕێکخراوی داعش کۆمەڵکوژی دژی کریستیانەکان و ئێزدیییەکان و موسوڵمانە شیعەکان ئەنجام داوە.

لە ساڵی 2016 دا لێکۆڵەرەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتییان داعش کۆمەڵکوژی دژی ئێزدییەکانی سوریا و عێراق ئەنجامداوە، ئەوەش لە پێناو لە ناوبردنی کۆمەڵگەیەکی ئایینی 400,000 کەسی، لە ڕێی کوشتن و بە کۆیلەکردنی سێکسی و تاوانەکانی دیکەوە.

سکاڵا یاساییەکەی ئێزدییەکان دژی داعش دەڵێت " لە ماوەی ئەو هێرشە دڕندانانەی داعشدا دژی ئێزدییەکان و دوای ئەوەش، داکۆکیکاران پارەیان دەدا و دەستیان لەگەڵ دەستی داعشدا تێکەڵ کردبوو."

نادیە موڕاد، کە لە ساڵی 2018 دا لەسەر هەوڵەکانی بۆ کۆتایی هێنان بە دەستدرێژی سێکسی وەکو چەکێکی جەنگ، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا، وتی " کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شنگال، خێزانەکەم کوژران، منیش وەکو کۆیلە دەستبەسەرکرام. هەموو ڕۆژێک تاوەکو ئەو ڕۆژەی هەڵاتم دەستدرێژی دەکرایە سەرم و هێرشییان دەکردە سەرم."

وتی " بە داخەوە چیرۆکەکەم لە نێو ئێزدییەکاندا نموونەیی نیە. ئەوە ڕاستی هەزاران ژنی ئێزدییە. لەوە کارەساتتر ئەوەیە کە ئەم ناخۆشییەی بەسەرماندا هات بە ئاگایی و یارمەتی کۆمپانیا بەهێزەکانی وەکو لافارژ بوو."

خێزانەکانی کارمەندێکی یارمەتییە مرۆییەکانی ئەمەریکا و سەربازە ئەمەریکاییەکان کە سەرجەمییان لەلایەن ڕێکخراوی داعش و گروپی چەکداریی ئەل نوسرەوە کوژراون یاخود بریندار بوون، لە مانگی حەوتدا سکاڵایەکی یاسایی هاوشێوەیان دژی لافارژ تۆمار کرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG