Accessibility links

دادوەرانی جەزائیر ڕەتیدەکەنەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن ئەگەر سەرۆک بۆتەفلیقە خۆی کاندید بکاتەوە


زیاتر لە 1000 دادوەری جەزائیری دەڵێن بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمساڵدا ناکەن ئەگەربێت و عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە سەرۆکی وڵاتەکە جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە.

دادوەرەکان ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ئەمەیان ڕاگەیاند پاش چەند کاتژمێرێک لەوەی بۆتەفلیقە لە چارەسەری پـزیشکی لە سویسرا گەڕایەوە.

بەڵام ئەلتەیب لۆح وەزیری دادی جەزائیر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە وەزارەتەکەی هەڵوێستی دادوەرەکانی ڕەتکردەوە و گوتی دادوەران لەسەریانە بێ لایەن بن و گومان نەخەنە سەر خۆیان.

بەپـێی یاسای هەڵبژاردنەکانی جەزائیر دەبێت بۆ هەر بازنەیەکی دەنگدان دادوەرێک سەرپەرشتی پـرۆسەی هەڵبژاردنەکە بکات.

لە لایەکی دیکە فەریق قاید ساڵح سەرۆکی ئەرکانی لەشکری جەزائیر ڕۆژی یەکشەممە بەبێ ئەوەی باسی خۆپـیشاندانەکانی دژی بۆتەفلیقە بکات، گوتی "لەشکری جەزائیر و گەلەکەی هەمان تێڕوانینیان بۆ ئایندە هەیە." گوتیشی جەزائیریـیەکان دەزانن چۆن نیشتمانی خۆیان بپارێزن.

بۆتەفلیقەی تەمەن 82 ساڵ، لە ساڵی 1999 وە پـۆستی سەرۆکایەتی جەزائیری گرتووەتە دەست و لە ئێستادا سوورە لەسەر خۆکاندیدکردنی بۆ گەڕی پـێنجەم. ناوبراو لە ساڵی 2013 وە تووشی جەڵتەی مێشک بوو و لەو کاتەوە لە هیچ بۆنەیەکی گشتیدا قسەی نەکردووە.

XS
SM
MD
LG