Accessibility links

هەزاران جەزائیری لە دژی سەرۆکی وڵاتەکەیان خۆپـیشاندان ئەنجام دەدەن


هەزاران خۆپـیشاندەر ڕژانە سەر جادەکانی جەزائیری پایتەخت بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر خواستی عەبدولعەزیز بوتەفلیقە سەرۆکی وڵاتەکەیان کە بە نیازە بۆ گەڕی پـێنجەم لە پـۆستەکەیدا بمێنێتەوە.

خۆپـیشاندەران بە بەرزکردنەوەی ئاڵای وڵاتەکەیانەوە ئەمڕۆ هەینی و بۆ سێـیەم هەفتە لە مەیدانی پـۆستی ناوەندی لە ناوجەرگەی پایتەخت گردبوونەوە و دروشمی " نەخێر بۆ گەڕی پـێنجەمی بۆتەفلیقە"یان دەگوتەوە.

پـۆلیسی دژە ئاژاوە لەسەر جادەکان بڵاوبوونەوە و هاوکات دەسەڵاتداران خزمەتگوزاری شەمەندەفەر و میترۆی پایتەختیان ڕاگرت و فڕۆکەی هەلیکۆپتەری هێزەکانی ئاسایش بەسەر ئاسمانی پایتەخت دەسوڕایەوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ پـێکدادانێکی گەورە ڕووی نەداوە و خۆپـیشاندانەکان بە شێوەیەکی ئاشتیـیانە بەڕێوەچوون.

بوتەفلیقەی تەمەن 82 ساڵ، کە ماوەی 20 ساڵە پـۆستی سەرۆکایەتی گرتووەتەدەست، سوورە لەسەر خۆکاندیدکردنی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمساڵ کە لە 18ی مانگی چوار بەڕێوەدەچێت. ساڵی 2013 تووشی جەڵتەی مێشک بوو و لەو کاتەوە لە هیچ بۆنەیەکی گشتیدا قسەی نەکردووە. لە ئێستادا لە نەخۆشخانەیەکی شاری جنێڤی سویسرایە.

XS
SM
MD
LG