Accessibility links

جەزائیر: زیاتر لە 40 کەس بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانەوە گیانیان لەدەستداوە


سەرۆک وەزیری جەزائیر ئەیمەن بن عەبدەلڕەحمان وتی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی پایتەختی جەزائیرەوە 42 کەس گیانیان لەدەستداوە، لەنێویشیاندا 25 سەربازییان تێدایە.

سەرۆکی وڵاتەکە عەبدولمەجید تەبوونی پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی کەس و کاری ئەو 25 سەربازە کرد کە لەکاتی هەوڵدانیاندا بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە لە ناوچەکانی بیجایە و تیزی ئوزو گیانیان لەدەستداوە.

سەرۆکی وڵاتەکە وتی " زۆر غەمبار بووم کە بیستم 25 سەربازمان دوای ئەوەی توانیویانە نزیکەی 100 هاوڵاتی لەدەست ئاگرکەوتنەوەکانی سەر شاخەکانی بیجایە و تیزی ئوزو ڕزگار بکەن شەهید بوون."

وەزارەتی بەرگری وڵاتەکە وتی کارەکانی سەربازەکان بوونە هۆی ڕزگارکردنی " 110 پیاو و ئافرەت و منداڵ لە ئاگرەکە."

ڕادیۆی جەزائیر ئاماژەی بەوەدا سێ کەس کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بووبێتن لە مێدیای باکوور و کەسێکی دیکە لە ئانابە دەستگیرکراون.

زیاتر لە 70 ئاگر لە چواردە ویلایەتی سەرانسەری باکووری وڵاتەکە کەوتوونەتەوە، 10 ئاگرکەوتنەوەیان لە دەوروبەری تیزی ئوزو بوون کە یەکێکە لە قەرەباڵغترین شارەکان لە قەبیلە.

وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە کەمال بەلەدجود لە سەردانێکیدا بۆ شارێکی باکووری وڵاتەکە وتی " کەوتنەوەی 50 ئاگر لە یەک کاتدا مەحاڵە، ئەم ئاگرکەوتنەوانە زۆر مەترسیدارن."

بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی وتی ئاگرەکە 12 ناوچەی باکووری وڵاتەکەی گرتۆتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG