Accessibility links

میدیاکانی جەزائیر: ژمارەی کوژراوانی ئاکامی کەوتنی فڕۆکە لەشکریـیەکە گەیشتە 257


دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە جەزائیر دەڵێن ژمارەی کوژراوانی ئاکامی کەوتنی فڕۆکە لەشکریـیەکە لە نزیک بنکەی لەشکری بوفاریک لە باشوری ڕۆژئاوای جەزائیری پایتەخت گەیشتە 257 کەس.

بەپـێی کاربەدەستان و گەواهیدەران کە بۆ کەناڵەکان لێدوانیان داوە، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە فڕۆکەیەکی بارهەڵگری لەشکری جۆری Ilyushin Il-76 ی ڕووسیایی لە بنکەی لەشکری بوفاریک هەستاوە و ئاگر بەربووەتە باڵی ڕاستی، هەرچەندە فڕۆکەوانەکە هەوڵی دابوو دەستبەجێ بەرەو فڕۆکەخانەکە بگەڕێتەوە، بەڵام هەوڵەکەی بێ ئاکام بووە و لە کێڵگەیەکی نزیک فڕۆکەخانەکە کەوتووەتە خوارێ.

لە لایەکی دیکە سەرچاوەیەکی لەشکری بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە ئەم جۆرە فڕۆکەیە شوێنی 120 سەرنشینی تێدایە. ئەگەر بێت و ئەو ژمارانە پـشتڕاستبکرێنەوە، واتە فڕۆکەکە دوو هێندەی توانای خۆی سەرنشینی هەڵگرتبوو.

فەریق ئەحمەد قاید ساڵح جێگری وەزیری بەرگری جەزائیر گەیشتە شوێنی ڕووداوەکە و هاوکات ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە کارمەندانی فریاکەوتن و پـۆلیس و سەرباز سەرقاڵی دەرهێنانی تەرمی قوربانیـیەکانبوون و بە دەیان ئەمبوڵاس تەرمەکانیان بەرەو نەخۆشخانەکان دەگواستەوە.

XS
SM
MD
LG