Accessibility links

جەزائیر شانەیەکی داعش ئاشکرا دەکات


سەرچاوەیەکی ئاسایشی جەزائیر دەڵێت پـۆلیسی وڵاتەکەی توانیویەتی شانەیەکی داعش هەڵبوەشێنێتەوە کە سەرۆکەکەی پـێشتر فەرماندەیەکی قاعیدە بوو و لە فەڕەنسا فەرمانی دەسـتگیرکردنی هەیە بە تۆمەتی تێرۆرستی.

سەرچاوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی ئاشکراکرد محەمەد یاسین ئەکنۆش سەرۆکی شانەکە لەم هەفتەیە لە نزیک شاری تیپازە دەسـتگیرکرا کە نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای جەزائیری پایتەختەوە دورە. دەڵێن ناوبراو سەرقاڵی پـلاندانان بووە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر شوێنی ئاسایشی وڵاتەکە.

هەروەها ڕۆژنامەی ئەلنەهاری جەزائیری لە زاری سەرچاوەی ئاسایشیـیەوە بڵاویکردووەتەوە کە گوتویانە ئەندامانی ئەم شانەیەی داعش لە گوندی عەین تافورایت بوون و لە دارستانێـکی ناوچەکە مەشق و ڕاهێنانیان کردووە و بەنیازبوون چەند هێرشێـک لە پایتەخت ئەنجام بدەن. بەڵام سەرچاوەکان باسیان لەوە نەکردووە چۆن و کەی ئەکنۆش بۆ جەزائیر گەڕاوەتەوە.

ئەکنۆشی تەمەن 43 ساڵ کە پـێشتر سەر بە گروپی چەکداری ئیسلامی جەزائیر بنکە لە ئەوروپا بوو، ساڵی 2004لایەن دادگایەکی فەڕەنساوە بەبێ ئامادەبوونی سزای 8 ساڵ زیندانی درا بە تاوانی هەوڵی ئەنجامدانی تەقینەوە لە شاری ستراسبۆرگی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە.

جێی ئاماژەیە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بەهۆی توندوتیژی نێوان گروپە چەکدارەکان و هێزەکانی حکومەت لە جەزائیر خوێنێـکی زۆر ڕژا، بەڵام دواتر ئاگربەستێـک ڕاگەیەندرا و بە ڕێکەوتنێکی ئاشتی گەیشتن.

لە گەرمەی شەڕەکانی ئەو سەردەمە نزیکەی 35 هەزار توندڕەو هەبوون، بەڵام ئێستا بەپـێی سەرچاوە ئاسایشیـیەکان تەنها 1800 توندڕەو هەن و زۆربەیان لە ناوچە سنوری و شاخاویـیە دورەدەستەکانن.

XS
SM
MD
LG