Accessibility links

چالاکوانانی سوریا: 90%ی گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب لە لایەن حکومەتەوە کۆنترۆڵکرانەوە

  • VOA News

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هێزەکانی حکومەت توانیویانە 90% ی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب، ئەوانەی پێشتر لە ژێر دەسـتی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆندا بوون، کۆنترۆڵبکەنەوە.

کۆمەڵەکە کە پەیوەندی بە تۆڕێـکی گەورەی چالاکوانان لە ناو سوریا هەیە، ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی خۆی نووسیویەتی لەشکری سوریا بە پاڵپشـتی چەکدارانی سەر بە ڕژێم ناوچەی زیاتری گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب کۆنترۆڵبکەنەوە ، لەوانە حەی ئەلساڵحین، حەی شێخ سەعید، بەشێـکی حەی فەردەوس، بەشێـکی حەی کەرەم ئەلدەعدەع.

هاوکات فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپـتەر بۆردومانی ئەو گەڕەکانەیان دەکرد کە هێشتا هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی لێی ماون، لەوانە ئەلزبدیە، سوکەری، جسر ئەلحەج.

لە لایەکی دیکە هێزەکانی ڕووسیا لە سوریا کە بە ناوەندی ئاشتەوایی ڕووسیایی ناودێردەکرێت، لە بەیانـنامەیەکدا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند زیاتر لە 95% ی شاری حەلەب کۆنترۆڵکراوەتەوە و لە ئێستادا چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆن ناوچەیەکیان بەدەستەوە ماوە کە لە 10 کیلۆمەتر چوارگۆشە زیاتر نیـیە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لەوەتای ئۆپـۆراسیۆنی گرتنەوەی شارەکە دەسـتیپـێکردووە زیاتر لە 100 هەزار کەسی سیڤیل ناوچەکەیان جێهێشتووە، لە نێویاندا زیاتر لە 40 هەزار منداڵ هەن.

باسی لەوەش کرد 2215 چەکداری ئۆپـۆزسیۆن چەکەکانیان داناوە و حکومەتی سوریا لە 2137 چەکداریان خۆشبووە و ئەوانەی ماونەتەوە لێـکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی بێ لایەن ئەم بەیانـنامەیەی ڕووسیای پشـتڕاست نەکردووەتەوە.

XS
SM
MD
LG