Accessibility links

سوریا و ڕووسیا داوا لە دانیشتوانی شاری حەلەبی ژێر دەسـتی ئۆپۆزسیۆن دەکەن ناوچەکە چۆڵ بکەن


هێزەکانی حکومەتی سوریا گەمارۆی تەواوی شاری حەلەبیان داوە و دەسەڵاتداران لە دیمەشق و مۆسکۆ دەڵێن چەند ڕێگەیەکیان دەسـتنیشانکردووە بۆ دەرچوونی خەڵکی سیڤیل و چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆن ئەوانەی چەکەکانیان دادەنێن.

ئەمڕۆ پـێنجشەممە هێزەکانی ئەسەد بە پاڵپشـتی هێزی ئاسمانی ڕووسیا توانیان ناوچەی باکوری ڕۆژئاوای شاری حەلەب لە نزیک جادەی کاستێلۆ کۆنترۆڵ بکەن و بەمەش ئەو بەشەی شارەکە کە لە ژێر دەسـتی ئۆپـۆزسیۆندایە بە تەواوی گەمارۆدرا.

ستافان دێمستۆرا نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا دەڵێت ئەو خۆراک و پـێداویستیە سەرەکیـیەیانەی لەو ناوچەیەی حەڵەب هەن تەنیا بەشی 2 بۆ 3 هەفتە دەکەن.

محەمەد مروان عەلبی پارێزگاری حەلەبی سەر بە حکومەت ئەمڕۆ لە ڕاگەیاندنێـکیدا کە لە میدیاکانی حکومەتەکەیەوە بڵاوکرایەوە، دەڵێت 3 ڕێگە دەکەنەوە بۆ دەرچوونی خەڵکی سیڤیل لە شارەکە.

لە لایەکی دیکە لەشکری سوریا گوتی دوێنێ چوارشەممە بە هەزاران کاغەزی بە فڕۆکە بەسەر ناوچەکانی ژێر دەسـتی ئۆپـۆزسیۆن لە شاری حەلەب هەڵداوەتە خوارێ کە تیایدا داوا لە خەڵکی سیڤیل دەکەن هاوکاریـیان بکەن و هەروەها چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆنیش خۆیان ڕادەستبکەن.

بەپـێی ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز نەخشەی شارەکە لەسەر کاغەزەکان کراوە و تیایدا چوار ڕێگە دەسـتنیشانکراوە تاوەکو لە ناوچەکانی ژێر دەسـتی ئۆپـۆزسیۆن بێنە دەرێ.

هاوکات هەر ئەمڕۆ پـێنجشەممە بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا لێبوردنی بۆ ئەو چەکدارانەی ئۆپـۆزسیۆن دەرکرد کە لە ماوەی سێ مانگدا چەکەکانیان دادەنێن.

لە مۆسکۆش، سێرگێ شویجو وەزیری بەرگری ڕووسیا گوتی هەردوو لەشکری ڕووسیا و سوریا ئۆپەراسیۆنێـکی مرۆیی گەورە ئەنجام دەدەن کە ڕێگە بە دانیشتوان و چەکداران دەدات ئەو بەشەی شاری حەلەب چۆڵ بکەن. گوتیشی 3 ڕێگەیان دەسـتنیشانکردووە بۆ دەرچوونی خەڵکی سیڤیل و ڕێگەیەکیان لە نزیک جادەی کاستێلۆ دەسـتنیشانکردووە بۆ خۆبەدەسـتەوەدانی چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆن. باسی لەوەش کرد ئەمەریکا هیچ زانیاریـیەکی سەبارەت بە شوێنەکانی لەشکری ئازادی سوریای بۆ نەناردوون تاوەکو لە بەرەی نوسرەی سەر بە ئەلقاعیدەیان جیابکەنەوە.

XS
SM
MD
LG