Accessibility links

هێزە ئیسلامیـیەکانی سوریا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی شاری حەلەب دەدەن


هاوبەندی ئیسلامیـیەکانی سوریا کە بە "ئەنسار ئەلشەریعە" ناسراوە و 13 گروپی ئیسلامی لەخۆی گرتووە هێرشێـکی گەورەی دەسـتپـێـکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری حەلەب.

لە ڕۆژی پـێـنجشەممەوە ئەم گروپانە کە یەکێکیان بەرەی نوسرەی سەر بە ئەلقاعیدەیە هێرشەکەیان دەسـتپـێـکردووە و بەپـێی ڕاپـۆرتەکان لە شەڕێـکی قورسدان لە بەرامبەر لەشکری سوریا و هێزەکانی دیکەی سەر بە حکومەت و حزبوڵڵای لوبناندا.

بەپـێی کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ گروپە ئیسلامیـیەکان بە سەدان موشەک و خومپارەیان گرتووەتە حەوت گەڕەکی شارەکە کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی حکومەتدان. هەروەها فڕۆکە جەنگیـیەکانی حکومەتیش چەندان هێرشی ئاسمانیـیان ئەنجامداوە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەستی ئەو گروپانە.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند هاوبەندیـیەکە لە ئێسـتادا هەوڵ دەدات بارەگای هەواڵگری ئاسـمانی لە ناوچەی زەهرا لە باکوری ڕۆژئاوای حەلەب کۆنترۆڵ بکات.

پاشان گوتویەتی بەپـێی ئەو ڕاپـۆرتانەی پـێـیان گەیشـتووە بە لایەنی کەم 35 چەکداری ئیسلامی کوژراون و بە دەیان کوژراو و برینداریش لە ڕیزی هێزەکانی حکومەتدا هەن. هەروەها بە لایەنی کەم 4 کەسی سیڤیلیش کوژراون.

بەڵام دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حکومەتی سوریا دەڵێن هێزەکانی لەشکر شـکستیان بە هێرشەکە هێناوە و زیاتر لە 100 چەکداریشیان کوشتووە.

XS
SM
MD
LG