Accessibility links

دوای سوتاندنی کۆگای سندووقەکانی دەنگدان، سەدر هۆشیاری دەدات لەسەر هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆی عێراق


موقتەدا سەدر
موقتەدا سەدر

کەسایەتی ئاینی شیعە موقتەدا سەدر داوای لە عێراقییەکان کرد یەک بگرن لەجیاتی ئەوەی هەوڵ بدەن هەڵبژاردنەکان دووبارە بکەنەوە، ئەمەش لە پەیامێکدا کە وادیارە ئامانج لێی هێورکردنەوەی گرژییە سیاسییەکانە دوای سوتانی کۆگای سندووقەکانی دەنگدان.

سەدر وتی هەندێک لایەن هەوڵ دەدەن عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆ بەرن و جەختیشی لەوە کردەوە کە لەوەدا بەشدار نابێت.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا بە دەست دەنگەکان بژمێردرێنەوە.

تەلەفیزیۆنی عێراقی ئاماژەی بەوەدا دادگا بڕیاری دەستگیرکردنی چوار کەسی داوە کە تۆمەتبار کراون بە تۆمەتی سوتاندنی کۆگاکەی سندووقەکانی دەنگدان.

هەروەها ئاماژەشی بەوەدا سێ لە گومانلێکراوەکان پۆلیسن و ئەوەی دیکەیان کارمەندی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانە.

سەدر لە نوسراوێکدا کە ئۆفیسەکەی بڵاویکردەوە نوسیویەتی " بەسە وازبێنن لە شەڕکردن لەسەر کورسی و پۆست و دەستکەوت و دەسەڵات و فەرمانڕەوایی."

هەروەها دەشڵێت " ئێستا کاتی ئەوەیە پێکەوە بوەستین لەپێناو دووبارە بنیادنانەوەدا نەوەک سندووقەکانی دەنگدان بسوتێنین یاخوود هەڵبژاردنەکان دووبارە بکەینەوە لەپێناو کورسییەک یان دوو کورسیدا."

جێی ئاماژەیە سەدر پێشتر دەیان هەزاران خەڵکی کۆدەکردەوە لەسەر شەقامەکان بۆ دژایەتیکردنی سیاسەتی ئەو حکومەتەی کە دژایەتی دەکرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG