Accessibility links

خانمێکی ڕۆژنامەوانی دیاری کەناڵی ئەلجەزیرە لە کاتی ڕووماڵکردنی هێرشێکی سەربازی ئیسرائیلدا کوژرا


کەناڵی ئەل جەزیرە وتی ڕۆژنامەنووسی بە ئەزموونی کەناڵەکە شیرین ئەبو عاقلە لەلایەن هێزەکانی ئیسڕائیلەوە کوژراوە، ئەوەش لەکاتێکدا بووە ڕۆژنامەنووسەکە ڕووماڵی هێرشەکەی ئیسڕائیلی کردووە بۆ سەر کامپی ئاوارەکانی جینین لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا.

ئەل جەزیرە گوتی شیرین ئەبو عاقلەی تەمەن 51 ساڵ کە کەسایەتییەکی دیار بووە لە بەشی هەواڵی جەزیرەی عەرەبی " بەمەبەست " لەلایەن هێزەکانی ئیسڕائیلەوە کوژراوە.

سوپای ئیسڕائیل گوتی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ئۆپەراسیۆنێکی لە کامپی ئاوارەکانی جینین ئەنجامداوە، لەو ناوچەیەشدا گروپە چەکدارییە فەڵەستینییەکانی لێیە و دەکەوێتە کەناراوەکانی ڕۆژئاواوە.

بەڵام ڕەتی کردەوە بە مەبەست ڕۆژنامەنووسانی کردبێتە ئامانج.

بەرپرسێکی سەربازی ئیسڕائیل بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی گوت " سوپا بەدڵنیاییەوە ڕۆژنامەنووسان ناکاتە ئامانج."

گوتی " داوایەک هەیە سەبارەت بەم ڕووداوە. پێشنیاری ئەوەمان کردووە بە هاوبەشی لەگەڵ فەڵەستینییەکاندا لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام بدەین."

سوپای ئیسڕائیل گوتی شەڕە تەقەیەک لەنێوان گومانلێکراوەکان و هێزەکانی ئاسایشی ئیسڕائیلدا ڕوویداوە و " لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن و لەوەش دەکۆڵنەوە کە ئەگەری هەیە ڕۆژنامەنووسەکە بە فیشەکی فەڵەستینییەکان کوژرابێت."

ئەل جەزیرە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لێپێچینەوە لە هێزەکانی ئیسڕائیل بکەن لەسەر " بە ئامانجکردن و کوشتنی بە مەبەستی ئەبو عاقلە."

گوتی " لە کوشتنێکی دڕندانە و پێشێلکردنی یاسا و بەها نێودەوڵەتییەکاندا، هێزە داگیرکەرەکانی ئیسڕائیل ڕۆژنامەنووسێکی ئەل جەزیرەیان لە فەڵەستین کوشتووە."

کەناڵەکە گوتی ڕۆژنامەنووسێکی دیکەشی کەناڵەکە عەلی ئەل سەمودی لەمیانەی پێکدادانەکەدا بریندار بووە.

ڕۆژی پێنجشەممە تەرمەکەی دەگوازرێتەوە بۆ ئۆرشەلیم لەو شوێنەی ئەبو عاقلە لێی لە دایک بووە و هەر لەوێش بەخاک دەسپێردرێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG